سوودانی: "جگە لە پێکەوەکارکردن ھیچ جێگرەوەیەکمان نییە"
- سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە گەلانی عێراق، چارەنووسێکی ھاوبەشیان ھەیە و دەبێت پێکەوە کاربکەن.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە جگە لە پێکەوەکارکردن ھیچ جێگرەوەیەکمان نییە و ئاماژەی بەوەشدا کە گەلانی عێراق، چارەنووسێکی ھاوبەشیان ھەیە و دەبێت پێکەوە کاربکەن.
محەمەد شیاع سوودانی پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "بە بۆنەی ھاتنی جەژنی نەورۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردی ئازیزمان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق و سەرجەم خەڵکی عێراقی دەکەم، بەو ئومێدەی ئەم بۆنە مەزنە ببێتە مایەی بەدیھێنانی ئایندەیەکی گەش".
ھەروەھا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی پەیامەکەیدا، پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلانی ناوچەکە کردووە کە یادی جەژنی نەورۆز دەکەنەوە و ڕایگەیاندووە: "ئومێدەوارین خوا گەورە سەقامگیریمان بۆ بگێڕێتەوە".
ڕاشیگەیاندووە: "نەورۆز جارێکی ديكە ھەموو پارچەکانی وڵاتەکەمان بەسەر دەکاتەوە ڕۆڵەکانی ئێمەش بەردەوامن لە کارکردن و بونیاتنان و پتەوکردنی ھەنگاوەکان بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجە ھاوبەشکانی گەلی عێراق، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی بەرنامەی حکوومەتدا کە گوزارشت لە پێداویستی و خواستەکانیان دەکات".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "نەورۆز ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە جگە لە پێکەوەکارکردن ھیچ جێگرەوەیەکمان نییە و بەرز ڕاگرتنی بەھا ھاوبەشەکان و گەلانی عێراق، چارەنووسێکی ھاوبەشیان ھەیە و دەبێت پێکەوە کاربکەن".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: "ئەم بۆنەیە جەخت لە ھێزی فرەچەشنی و بەردەوامی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکاتەوە لەگەڵ تەرخانکردنی ھەموو ھەوڵەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی مافەکان".
لە کۆتایی پەیامەکەدا، ھاتووە: "نەورۆز پیرۆز بێت و عێراقێکی ئاوەدان کە لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلەکەی گەشە دەکات".