Rewa Mahmood Hasan
18 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2020
سلێمانی - AA
دوای بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لەنێو ژمارەیەک لە کارمەندان، لە نەخۆشخانەی هیواش، سێ پزیشک و نۆ کارمەندی تەندروستیی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، دۆستی نەجات ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەیەک لە کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکەیان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەئێستادا، مۆڵەتیان پێدراوە و لە ماڵەوە کەرەنتین کراون و چاودێری تەندروستییان دەکرێت و دۆخیان جێگیرە.
دۆستی نەجات سەبارەت بە ئەستێورکردنی نەخۆشخانەکەیان دوای ئەوەی کە ڤایرۆسەکە لەنێو کارمەند و پزیشکەکانی نەخۆشخانەکەدا بڵاوبۆتەوە گوتی: "ئێمە هەموو رۆژێک لە ناوەڕاستی دەوامدا دوای کاتژمێر پێنجی ئێوارە نەخۆشخانەکەمان ئەستێور دەکرێت، بۆیە هیچ کێشەیەکەمان لەو بارەیەوە نییە''.
لە لایەکی ترەوە ماوەی چەند رۆژێکە پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی دەستیان داوەتە بایکۆتکردنی دەوام و جگە لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا و فریاکەوتنی خێرا، بەشێک لە نەخۆشخانەکانی تری شاری سلێمانی و دەورووبەری دەوامیان راگرتووە، سەبارەت بە مانگرتنی کارمەند و پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا، دۆستی نەجات گوتی: ''ئيمە لەئێستادا بە ١٥٠ کارمەندەوە تەواوی کارەکانی خۆمان رایی دەکەین و دەوام لای ئێمە نەوەستاوە، هەرچەندە داوامان هەیە لە حکوومەت کە بیرێک لە دۆخی ئەو مووچەخۆرانە بکاتەوە، بەڵام ئێمە کێشەیەکی تریشمان هەیە، کارمەندەکانمان بە دوو شەفت دەوام دەکەن واتە وەک نەخۆشخانەکانی تر نین کە بتوانن لە کلینکی سەربەخۆدا کاربکەن، بۆیە مووچەی دوانیوەڕوانیان هەیە کە بۆ شەس مانگ و ١٥ رۆژە نەدرابوو، بەڵام لە ماوەکانی پێشوودا مووچەی دوانیوەڕوانی دوومانگی کارمەندانیان خەرج کرد".
نەخۆشخانەی هیوا کە یەکێکە لە نەو نەخۆشخانە حکوومەیانەی چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە دەکەن و کارەکانیان زۆر بە سەرکەوتووانە ئەنجام دەدەن بەجۆرێکە لە زۆربەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاووڵاتییان دێن لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرن، سەبارەت بە پەیداکردنی ئەو ئامير و کەلوپەل و دەرمانە دەگمەنانەی لە نەخۆشخانەکە بەکاردەهێنرێن و پێویستە ناوبەناو لە دەرەوەی وڵات بەدەستی بخەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، دۆستی نەجات دەڵێت ''لەئێستادا بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆناوە کە جیهانی گرتۆتەوە، هێنانی دەرمانەکان کەمێک درەنگ دەکەوێت بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەین کە رێکاری ئاسان بگرنەبەر بۆ ئەو کەسانەی هەڵدەستن بە گواستنەوەی ئەو کەلوپەل و دەرمانە پزیشکیانەی ئێمە''.
ئەمە لەکاتێکدایە کە نەخۆشخانەی هیوا لەڕێی ئەو بوودجەیەی کە بۆی دابینکراوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی-یەوە، هاوکات لەو بڕە پارەیەی لە سندوقی هاوکاریی تووشبووانی شێرپەنجەوە بەدەستی دەخەن، دەرمان و چارەسەرییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکە دابین دەکەن و لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، دۆستی نەجات گوتی: ''لەئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی-یەوە سێ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ کڕینی دەرمانەکان، ئێستا لە پرۆسەی گواستنەوەی دایە تاکو دەگات بەدەستمان درەنگ دەکەوێت، بۆی داوا لە حکوومەت دەکەین رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، سووکتر بکات لەسەر ئەو کەسانەی هەڵدەستن بە گواستنەوەی دەرمانەکان، تاکو بەزووی بگات بە دەستمان".