Rewa Mahmood Hasan
17 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی کە ئێوارەی دووشەممە لە ماڵەکەی خۆیاندا کچە دەرمانسازێک لەگەڵ دایک و باوکیدا بە کوژراوی دۆزرانەوە، ئەمڕۆ لە رێی سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و لەسەر ئەرکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق تەرمەکان گەیشتنەوە شاری سلێمانی و دوای ئەوەی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی رەشید نوێژیان لەسەر کرا، بەرەو گۆڕستانی گردی سەیوان بەرێکران.
زوهەیرە عومەر کەریم، کچە پوری عالیە کە یەکێکە لە قوربانییانی رووداوەکە، بەو شێوەیە باسی بیستنی هەواڵی کوژرانی کەسوکارەکەیان دەکەن و دەڵێت "لەو ماوەیەی پێشوودا، پێرێ خۆم دوو سێجار تەلەفۆنم بۆ عالیە، شیلان و کاک دارا دەکرد، وەڵامی تەلەفۆنەکەیان نەدایەوە من وامزانی چوونەتە وڵاتی ئوردن، دواتر ئەحمەد هاتەوە، براکەی، دواتر برای کاک دارا بەناوی کاک هەواڵی هێنا کە هەرسێکیان سەربڕاون، ئێمە بەوچەشنە هەواڵەکەمان بیست".
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس و کەسوکاری قوربانییەکان، هەرسێ تەرمەکە لە مەزارگەی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردران.
ئەمە لەکاتێکدایە کەسوکاری ئەو خێزانە داوا دەکەن کە لایەنی بەرپرس مافی رەوای ئەو خێزانە وەرگرێت.