عێراق

بەغدا قۆناغی دووەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی رەوانە کرد

- بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، هێمن سەید موراد: "پارەکە بڕی هەشت ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دینارە، پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە و لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی دەکرێت".

Hawkar Yaseen  | 17.09.2020 - نوێکردنەوە : 19.09.2020
بەغدا قۆناغی دووەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی رەوانە کرد

Arbil

هەولێر - AA

حکوومەتی فیدرال قۆناغی دوومی پارەی شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نارد و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، هێمن سەید موراد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند "قۆناغی دووەمی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووە کە بڕەکەی هەشت ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دینارە، چەکەکەمان بەدەست گەیشتووە و لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی دەکەین بەسەر جووتیاراندا بەپێی ریزبەندی، کامیان زووتر گەنمەکەیان رادەستی سایلۆ کردووە ئەوەیان زووتر پارەکەی وەردەگرێت".

هێمن سەید موراد گوتی: "پارەکە قۆناغی دووەمە چەند قۆناغێک هێشتا ماوە بۆمان بنێردرێت، بەڵام ئێمە بەردەوام لەسەر خەتین لەگەڵیاندا و لە پەیوەندی و هەماهەنگیداین بۆئەوەی بەزووترین کات ئەو شایستە داراییانە بۆ برا جووتیارەکانی خۆمان دابین بکەین و نییەتێکیش هەیە کە ئەوانی تریش بەزووترین کات بگاتە دەستمان".

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، هێمن سەید موراد راشیگەیاند کە نزیکەی ٤٠ ملیار دیناری دیکە ماوە کە بۆیان بنێردرێت و چاوەڕوان دەکەن کە لە رۆژانی داهاتوو بەدەستیان بگات و بەسەر جووتیارندا دابەشی بکەن و گوتی:

"ئەو پارەیەی هاتووە پارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەولێرە و بەسەر ئەواندا دابەشدەکرێت، پارەی هەولێر هەشت ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دیناربوو ئەوەی هاتووە، بۆ ئەوانە، شایستە داراییەکانی جووتیارانی سلێمانی ١٣ ملیار دینارە و ئەوەی دهۆک-یش هەشت ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینارە، ئەوەی هاتووە تەنها پارەی جووتیارانی هەولێرە".

رۆژی هەینی رابردوو لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سلێمانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داواکاری جووتیارانی پارێزگای سلێمانی وەرگرت کە داوای ناردنی شایستە داراییەکانیان لێکرد، دواتریش لە چوارچێوەی داواکارییەکانی پارێزگای سلێمانیدا یەکێک لە خاڵەکان ناردنی پارەی گەنمی جووتیاران بوو، ئەمڕۆ دوای شەش رۆژ لە سەردانەکەی مستەفا ازمی، بەغدا بەشێک لە پارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ نارد و هەفتەی داهاتووش دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın