Zana Natık Kerem
02 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، رێورەسمی سێیەمین ساڵیادی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەڕێوەبچێت.
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ، سێیەمین ساڵیادی کوژرانی ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بکەنەوە.
ئاماژەیان بەوەیشداوە کە رێورەسمی سێیەمین ساڵیادی کوژرانی ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی کاتژمێر پێنج ئێوارەی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە بەڕێوەدەچێت کە تا سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
میدیاکانی عێراق ھەروەھا بڵاویان کردووەتەوە کە لەئێستادا، رێوشوێنی ئەمنی توند لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گیراوەتەبەر.
دەگوترێت ھەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی سێیەمین ساڵیادی کوژرانی ئەبو مەھدی موھندیس و قاسم سولەیمانی، سبەی سێشەممە لە عێراق دەکرێتە پشووی فەرمی.
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.