عێراق

ساڵانە حەوت هەزار کرێکار دێنە هەرێم

عەبدولقادر ناوپردانی: "تا ئێستا ١٩٣ هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و لەماوەی ١٨ ساڵی ڕابردووشدا ٩٤ هەزار کرێکاری بیانیی هاتوونەتە هەرێم و لە چوار مانگی ئەمساڵیشدا ١٣ کرێکار گیانییان لەدەستداوە".

Heman Hussein Yaseen  | 01.05.2025 - نوێکردنەوە : 04.05.2025
ساڵانە حەوت هەزار کرێکار دێنە هەرێم

Arbil

هەولێر - AA

بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکاران لە ھەرێم، تا ئێستا ١٩٣ ھەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و لەماوەی ١٨ ساڵی ڕابردووشدا ٩٤ ھەزار کرێکاری بیانیی ھاتوونەتە ھەرێم.

ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی هەرێمی کوردستان-عێراق، عەبدولقادر ناوپردانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە وێرای پیرۆزباییکردن لەم توێژە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ یادی ١٣٩ ساڵەی ڕۆژی کرێکارانی جیهانە، بێگومان کرێکاران چەندین ماف و ئیمتیازاتیان هەیە ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی کار بکەن و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت، لەم چوارچێوەیەشدا تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ١٩٣ هەزار کرێکار دەستەبەرییان بۆ کراوە، لەم ژمارەیەش ٢٧ هەزاریان کرێکاری بیانیین و ئەوانی دیکە کرێکاری ناوخۆیین".

عەبدولقادر ناوپردانی گوتیشی: "ژمارەی کرێکارانی بیانی لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ئەمساڵ بریتیی بووە لە ٩٤ هەزار کرێکار، واتا ساڵانە حەوت هەزار کرێکار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەم دوو ساڵەی دوایی بەشی هەرە زۆری ئەو کرێکارانە بوونە کە لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە دێن و لەناو ماڵەکان وەک کارگوزار کار دەکەن، بێگومان کرێکاری دیکەش بەشێوەیەکی نایاسایی و قاچاغ هاتوونەتە هەرێم".

لەبارەی گیانلەدەستدانی کرێکاران و هۆکارەکانییان، عەبدولقادر ناوپردانی گوتی: "لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٦٢ کرێکار گیانیان لەدەستدا، لەم چوار مانگەی ئەمساڵیش تا ئەمڕۆ ١٣ کرێکار گیانییان لەدەستداوە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە خاوەنکاران کەمتر پابەندی ڕێنماییەکان و سەلامەتی پیشەیی دەبن، هەرچەندە ئێمە لیژنەکانمان هەیە و گەڕان بۆ شوێنەکان دەکەن بەڵام کرێکاران دەبێت بۆخۆشیان زیاتر گرنگی بەڕێنماییەکان بدەن".

ڕۆژی یەکی ئایاری ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیھانیی کرێکاران یان جەژنی کرێکاران ناسێندراوە، ئەمەش پەیوەستە بە ڕووداوێکی ١٣٩ ساڵ لەمەوبەر کە تیایدا کرێکارانی شاری شیکاگۆ لە ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کاریان کرد و لەژێر دروشمی 'ھەشت کاتژمێر کارکردن، ھەشت کاتژمێر پشوودان و ھەشت کاتژمێر خەوتن'، بەھەزاران کرێکار ڕژانە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک کرێکار کوژران و، دواتر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە کۆنگرێسی ئەمریکا یەکی ئایاری وەک ڕۆژی کرێکاران بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و تیایدا داواکارییەکانی کرێکاران چەسپێنران و کاتژمێرەکانی کارکردن کەمکرانەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın