Haydar Karaalp,İdiris Okuduci
22 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2023
بەغدا - AA
رێککەوتنی نێوان عێراق و لوبنان سەبارەت بە "دابینکردنی نەوت لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و بەرھەمە بازرگانییەکان" بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژکرایەوە.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی عێراق، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیان عەبدولغەنی و وەزیری وزە و سەرچاوەکانی ئاوی لوبنان، وەلید فەیاز لە رێوڕەسمێکدا لە شاری بەغدا دەقی درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەیان واژوو کرد.
بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و بەیروت، عێراق بۆماوەی ساڵێک سووتەمەنی و نەوت بۆ لوبنان دابین دەکات.
وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیان عەبدولغەنی لە راگەیەندراوێکی نووسراودا ئاماژەی بەوەدا کە ھەردوو لایەن کۆمسیۆنی تەکنینکی بەمەبەستی چاودێریکردنی پرسەکانی لوجیستیی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا کە بۆ ماوەی ساڵێک درێژکراوەتەوە، دادەمەزرێنن.
ھاوکات وەزیری وزە و سەرچاوەکانی ئاوی لوبنان، وەلید فەیاز راگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تێدا رایگەیاند "ماددەکانی رێککەوتنەکە وەک خۆیان دەمێننەوە و لە جیاتی یەک ملیۆن تۆن، بڕی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار تۆن سووتەمەنی بۆ لوبنان دابین دەکرێت".
ھاوکات ئاشکراشی کرد کە لە عێراقەوە بڕی دوو ملیۆن تۆن نەوتی خاو بۆ دامەزراوەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای سەربە وەزارەتی وزەی لوبنان دابین دەکرێت.
لوبنان کە لە ئێستادا رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢١دا لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و بەرھەمە بازرگانییەکان رێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق بۆ ھاوردەکردنی یەک ملیۆن تۆن نەوت بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، واژوو کردبوو. عێراق و لوبنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا رێککەوتنەکەیان بۆ یەک ساڵ درێژکردبووەوە.