Abdullah Abdulmanaf Shukur
08 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، ئاشكرایكرد سبەی ھەینی سەردانی شاری بەغدا پایتەختی عێراق دەکەن بۆ تەواوکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شنگال.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "بەیانی سەردانی بەغدا دەکەم بەمەبەستی واژووکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ شنگال".
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ههرێم و بهغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
خەڵکی ئاوارەی شنگال، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ ناوچەکەیان بە ھۆی ھێرشی داعشەوە چۆڵکردبوو، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبكهن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێکەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.