Heman Hussein Yaseen
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە "تەنها ئەو ھەواڵانەی لە سایتی فەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاودەکرێتەوە گوزارشت لە رای ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەکات و ھەر ھەواڵێک لە دەرەوەی ئەم سایتە بێت ئەوا رای ئەنجوومەنی ئاسایش نییە".
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردووەتەوە کە تەنها ئەو راگەیەندراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان (https://www.krsc.gov.krd) بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە رای ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ھەر شتێکی دیکە لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەڕبڕی رای فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەموو ھەوڵێک بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان، لەژێر ھەر فشارێکدا بێت رەتدەکەنەوە و رایگەیاندووە "خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم ھەوڵە نەزۆکانە لە کارەکانمان ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی ئاسایشی ھاووڵاتییان و پووچەڵکردنەوە و رێگەگرتن لە ھەموو ھەوڵێکی تێکدەرانە و ھەموو ئەوانەی دەستیان لەم کارە تیرۆریستیانەدا ھەیە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردبوو کە پلانێکی تێکدەرانەیان پووچەڵکردووەتەوە و چەند کەسێکیشیان دەستگیرکردووە و یەکێک لە گرووپەکان چەند ئەندامێکی پەکەکە بوون کە پیلانی چەند کردەیەکی تیرۆیستیان داڕشتبوو.
بەیانی ئەمڕۆش گوتەبێژێک لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی ئاسایش بێئاگایی خۆیان لە راگەیەندراوەکە راگەیاند و رەتیانکردەوە کە ئەوان ئاگاداری وەها ئۆپەراسیۆنێک بووبن.