Heman Hussein Yaseen
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق، مارجن کۆبیاک.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە لە دیدارەکەدا، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی پۆڵەندا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.
راشیگەیاندووە کە باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و یارمەتیدانی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

هێمای بۆئەوەشکردووە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، کار بۆ ھەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داھات دەکەن و گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەن، بە تایبەتی کە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی ھەیە لە بواری کشتوکاڵییەوە ببێتە سەبەتەی خۆراک بۆ ھەموو عێراق.