Sarmand Hameed
07 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2022
ههولێر-AA
سوپای عێراق رایگەیاند، گرووپەکانی لە یاسا دەرچوو لە قەزای حەمدانییە سەربە پارێزگای نەینەواوە سێ مووشەکی جۆری کاتیۆشایان ئاراستەی سنووری پارێزگای هەولێر کردووە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەو هێرشە مووشەکییەی کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ سەر پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا و مووشەکەکان لە نزیک ناحیەی کەورگۆسک سەربە قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە کاتێکدا کە خاکی عێراق رۆژانی مانگی رەمەزان به ئاسایش و باوەڕەوە بەڕێدەکات، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەوڵ دەدەن ئەم رۆژە پیرۆزانە تێک بدەن، ئێوارەی ئەمڕۆ، گرووپە تیرۆریستییەکان بە سێ مووشەکی کاتیۆشا ناوچەی خەباتیان لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆردومان کرد کە مووشەکەکان لە ناوچە جیاجیاکانی قەزاکە لە ناوچە چۆڵ و کشتوکاڵییەکانی نزیک کۆمەڵگای کەورگۆسک و زێی گەورە و پاڵاوگەی کەورگۆسک کەوتنە خوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ بکەوێتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەرکەوتووە مووشەکەکان لە ناوچەی حەمدانییەوە ئاراستەکراون.
باس لهوهش كراوه، دەزگا ئەمنییەکانی پەیوەندارەکان هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان بۆ دۆزینەوەی ئەو تیرۆریستیانە دەست پێکردووە کە ئەم کردەوە تیرۆریستییەیان ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ههروهها جەخت لەوەش کراوەتەوە کە دەزگا ئەمنییەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە بەرپرسیاران لە تێکدانی ئاسایش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە راپێچی بەردەم دادگا بکەن بۆ وەگرتنی سزاکانیان.
پێشتر دەزگای دژە تیرۆر سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووبووەوە، کە سێ موشەک لە دەوروبەری دووڕیانی حەمدانییە لە میحوەری خازرەوە ئاراستەی شاری هەولێر کراون.
لە راگەیەندراوەکەی پەیجی دژە تیرۆری کوردستان ئەوەش خرابووەڕوو کە بە گوێرەی زانیارییەکان، مووشەکەکان لە نزیک ناحیەی کەورگۆسک و زێی گەورە لە نزیک پاڵاوگەی نەوت کەوتوونهته خوارەوە.
لەبارەی زیانەکانیشەوە ئەوە ئاشکرا کرابوو کە ئەو هێرشە مووشەکییە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.