Heman Hussein Yaseen
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر ھەولێر دەکات.
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە "بەتوندی ئیدانەی ھێرشی ترسنۆکانەی تاریکپەرستان بۆسەر ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەکەین و دووپاتیدەکەینەوە کە ھەرگیز دەستی چەپەڵی ناحەزان و تیرۆریستان ناتوانن ئاسایش، ئارامی و ئاوەدانی ھەرێمی کوردستان بشێوێنن و بەسەختی رووبەڕویان دەبینەوە".
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات بە ھاووڵاتییان کە ھەمیشە بۆ بەرگریی و سەلامەیی ھاووڵاتییان ئامادەن و ھاتووە ''ھاووڵاتییان و خەڵکی ئازیزی کوردستان دڵنیادەکەینەوە، کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەمیشە ساز و ئامادەیە بۆ بەرگریی و پاراستنی سەلامەتی خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان''.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە "ئێستا لە ھەموو کات زیاتر، پێویستیمان بەیەککڕیزی، یەکھەڵوێستی و یەکدەنگیی ھەیە. بە ئیرادەی بەرزی پۆڵاینی پێشمەرگایەتیمان تیرۆریستان تێکدەشکێنین و رێگە نادەین بەھیچ شێوەیەک ژیانی ھاووڵاتییانمان بخرێتە مەترسییەوە".
وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە ھەر ھێرشێک بۆسەر ھێزەکانی ھاوپەیمانان، ھێرشکردنە بۆسەر پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان و رایگەیاندووە ''ئێمە لەگەڵ دۆستانمان لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، رێگایەکی دوور و ساڵانێکی درێژە، پێکەوە لەبەرەی بەرەنگاری تیرۆر و تێکشکاندنی تیرۆریستانین لە پێناو سەقامگیری ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە. وێڕای سەرەخۆشیمان لە قوربانیەکەی ئەو کارەساتە، سەلامەتی و شیفای خێرا بۆ برینداران و ئارامی و ئاسایش بۆ ھەرێمی کوردستان دەخوازین''.