Heman Hussein Yaseen
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
ههولێر - AA
بەپێی ھەواڵێک کە لە پەیجی فەرمیی دژەتیرۆری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە دەزگا ئەمنییەکان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی ھەولێر کردبوو.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە "دوابەدوای ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەممەی سەر ھەولێر، دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان توانییان ئەو ئۆتۆمبێلە بدۆزنەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی ھەولێر کردبوو".
ئاماژەی بەوەیشداوە کە "دوای کۆتاییھاتنی لێکۆڵینەوەکان زانیاریی زیاتر دەخەنە روو".
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو، ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی شاری ھەولێر و دەورووبەری کران و بەگوتەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان سێ کەس بریندار بوون، هەروەها بەگوتەی ھێزی ھاوپەیمانان، پێنج کەس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بەھۆی ھێرشەکانەوە برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە و لەئێستادا دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.