هةوليَر - AA
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئێف لۆدریان رۆژی پێنجشەممە دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە ھەولێر و لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لێکرا.
بەیانی رۆژی ھەێنی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و دواتر کونگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: ''سەردانی جەنابی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئێف لۆدریان لەکاتێکی ھەستیارە کە عێراق و جیھان رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە و، ئەم سەردانە بۆ ئێمە گرنگە و نیشانەی پشتگیری فەڕەنسایە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەمەوێت بەناوی گەلی کوردستان سوپاسی فەڕەنسا بکەم کە ھەمیشە لە کاتی تەنگانەدا پشتگیری لە مافەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و، دوای ئابلووقەی ساڵی ٢٠١٧ لەسەر ھەرێمی کوردستان فەرەنسا رۆڵی کاریگەری بینی لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان ھەولێر و بەغدا و سەرۆکۆماری فەرەنسا ماکڕۆن رۆڵی گەورەی گێڕا کە ھەرگیز گەلی کوردستان لەبیری ناکات و، فەڕەنسا ھەمیشە پشتگیری لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ''پارساڵ لە پاریس دووبارە ئەو شەرەفەم ھەبوو لەگەڵ بەڕێزیان دیدار ئەنجام بدەم و، ھاوکات لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش، فەڕەنسا رۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو، ھێشتا عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە پشتگیری بەردەوامی فەڕەنسا ھەیە و، لە ھاوکاریکردنی کەمپەکانیش رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و گوتی: ''جەنابی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وەک دۆستێکی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی گێراوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەتایبەت لە کاتی شەڕی داعش کە وەزیری بەرگری بوو، رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا، ھەروەھا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و کۆنسوڵی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان رۆڵیان ھەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان''.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەشکردەوە کە کۆمپانیا فەڕەنسییەکان دەتوانن لە ھەموو بوارەکاندا وەبەرھێنان بکەن و پشتگیری ھەرێمی کوردستانی لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئێف لۆدریان گوتی: ''ئەمە ھەشتەم سەردانی منە بۆ ھەرێمی کوردستان، چوار جار وەک وەزیری بەرگری ھاتووم و، ئەمە چوارەم جاریشە وەک وەزیری دەرەوە سەردانی ئێرە دەکەم و، یەکەم سەردانیشمە لە دوای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست''.
لۆدریان گوتیشی: ''ئامانجی سەردانەکەم بۆ دەربڕینی پشتیوانی و ھاوسۆزییە. لە رۆژانی داھاتوو پێداویستی پزیشکی دەبەخشین بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا بۆ پشتیوانی لە ھەرێمی کوردستان ھاتووم بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی پەرەپێدانی لە بواری پەروەردەیی و تەندروستی و گوتیشی: ''لە کەمپی بەردەڕەش چەندین پڕۆژەی گرنگ لە بواری پەروەردە و تەندروستی ئەنجامدراوە و لە رۆژانی داھاتووش یارمەتی دەگەیەنینە نەخۆشخانەی ھەڵەبجە و بە ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا پڕۆژەیەکی گرنگ لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگای دھۆک بە گوژمەی ١٥ ملیۆن یۆرۆ ئەنجام دەدەین و، کۆمپانیاکانیشمان بەردەوام دەبن، ئەمساڵیش قوتابییەکی کورد کە باوکی شەھیدی دەستی داعشە بەکالۆریۆسی لە فەڕەنسا تەواو کرد و ئەمە دوا قوتابی نابێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت''.
- دواتر لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە. و لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە ''ھاتووم بۆ ئەوەی پشتگیریی وڵاتەکەم بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە بەتایبەتی لەم رۆژە سەختانەدا، گوتووشیەتی: ''فەڕەنسا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆیەوە پسپۆڕانی فەڕەنسی ئامادەن بۆ ھاوکاریکردنی حکوومەتی ھەرێم لە بواری کشتوکاڵی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری''.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە ناوی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن، بانگھێشتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کردووە بۆ سەردانی فەڕەنسا لە دەرفەتێکی گونجاودا''.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سوپاسی رۆڵی مێژوویی فەڕەنسای کرد لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستاندا، پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت تیشکیان خستە سەر دەرەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و ھەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەتیش ئاماژەی بەوەداوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەڕەنسا دەتوانێت رۆڵی ئەرێنی خۆی لە یەکنزیکردنەوەی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور.
مەسرور بارزانی ئەوەیشی راگەیاندووە کە ئەوان داوای ھیچ شتێکیان نەکردووە کە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و ھەر شتێکیش رەتدەکەنەوە کە کەمتر بێت لە مافە دەستوورییەکانیان.
- ھەروەھا سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان ئێف لۆدریان کرد و بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی مەسعود بارزانی لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندییەکانی فەڕەنسا و عێراق و ھەرێمی کوردستان و دوا پێشھاتەکانی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و جموجۆلەکانی داعش و ئەو قەیرانانەی بە ھۆی پەتای کۆرۆناوە روویان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە، کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دیدارەکەدا پشتیوانییە ھەمیشەییەکانی فەڕەنسا لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و رۆڵی گرینگی فەڕەنسا لە بەرەنگار بوونەوەی داعش و پەیوەندی ھەرێم بە حکوومەتی فیدراڵ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لۆدریان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان و بینینەوەی بارزانی دەربڕیووە.
ئەمە ھەشتەمین سەردانی جان ئێف لۆدریانە بۆ ھەرێمی کوردستان کە چوار جار وەک وەزیری بەرگری و، چوار جاریش وەک وەزیری دەرەوە سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و یەکەم سەردانی دیپلۆماسییە بۆ ھەرێمی کوردستان لە دوای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
news_share_descriptionsubscription_contact

