26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتیی بەرامبەربە خراپبوونی رەوشی كارەبا، سەدان كەس لە شاری نەجەف باشووری عێراق، خۆپیشاندانیان ساز كرد.
میدیاكانی خۆجێی بڵاویان كردەوە كە لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، خۆپیشاندەران ژمارەیەك رێگەی سەرەكییان داخستووە بە تایبەتیش ئەو شەقامانەی كە دەچنەوە سەر فەرمانگە حكوومییەكان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف.
لەئێستادا شەپۆلێكی گەرما ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گرتووەتەوە و بەپێی پێسبینییەکان تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، حكوومەتی عێراق دەسەڵاتی دانوستان و واژووكردنی گرێبەستێك بە بەهای زیاتر لە یەك ملیار یورۆ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وزەی كارەبا لە وڵاتدا، دابوو بە وەزیری دارایی.
بەپێی وەزارەتی كارەبای عێراق، بەرهەمهێنانی كارەبا، دەگاتە 13 هەزار و 500 میگاوات و پلانیش داندراوە كە لە میانی ئەمساڵدا، لەڕێگەی وەگەرخستنی ژمارەیەك وێستگەی نوێ، سێ هەزار و 500 میگاواتی دیكە زیاد بكرێت.