Zana Natık Kerem
27 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە، ئەیاد عەللاوی داوای كرد كە بكوژانی خۆپیشاندەران ئاشكرا بكرێن، بۆ ئەوەی بە ئاشكرا دادگایی بكرێن و رایگەیاند كە پێویستە حكوومەتی عێراق گیانی خۆپیشاندەران بپارێزێت.
ئەیاد عەللاوی تویتێكی سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەكەی دوێنێ یەكشەممە، نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا بڵاوكردەوە و نووسیوویەتی:
"لە كاتێكدا ئومێدی ئەوە دەكەین كە بكوژانی خۆپیشاندەران ئاشكرا بكرێن و بە ئاشكرا دادگایی بكرێن، كەچی تووشی شۆك بووین كاتێك بینمان جارێكی دیكە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەكانەوە سەركوت دەكرێن و دەكوژرێن".
ئەوەشی نووسیووە: "پێویستە حكوومەتی عێراق گیانی خۆپیشاندەران بپارێزێت و بەرپەرچی ئەو هێزانەیش بداتەوە كە خۆپیشاندەران سەركوت دەكەن".
ئەیاد عەللاوی كە لە ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٥ سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، سیاسەتمەدارێكی شیعەی عیلمانییە و سەركردەی هاوپەیمانی وەتەنییە-یە كە لە كۆی ٣٢٩ كورسی ئەنجوومەنی نوێنەران خاوەن ٢١ كورسییە.
دوێنێ یەكشەممە لە میانی خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی شاری بەغدای پایتەختی عێراق كە دژبە خراپی رەوشی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە ناوەڕاستی شارەكە بەڕێوەچوو، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا رووی دا.
پێشتر ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، عەلی بەیاتی رایگەیاندبوو كە لە میانی رووبەڕوووبوونەوەكەی دوێنێ یەكشەممە، نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا، دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ژمارەیەكی دیكەیش برینداربوون.