26 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
حەشدی شەعبی، خاپووركردنی حەشارگەیەكی تیرۆریستانی داعشی لە باشووری رووباری ئەڵوەند باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە راگەیاند.
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەكانی لیوای 23ی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە دیالە كە لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكاندا لە سنووری پارێزگای دیالە بەشداری دەكەن، حەشارگەیەكی تیرۆریستانی داعشیان لە باشووری رووباری ئەڵوەند خاپووركردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕوو.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راگەیاندبوو كە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزە عێراقییەكان ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، دەست پێ كردووە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە لە ماوەكانی رابردوودا، قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەددین، رۆژئاوای دیالە و باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرابوون كە لە میانیاندا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعش كوژراون، هەروەها ژمارەیەك حەشارگەی تیرۆریستان، خاپووركران.