Zana Natık Kerem
13 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەسەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی ئەو دەستدرێژییەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە کرایە سەر شاری ھەولێر بووە ھۆی تۆقاندنی ھاووڵاتییان، ئەنجام داوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی، ئەو مووشەکانەی کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەکران و شاری ھەولێریان کردە ئامانج، دەستدرێژییە بۆسەر بنەمای دراوسێیەتی باشی نێوان عێراق و ئێران، ھەروەھا ئەو پەیوەندییە مێژووییەی کە گەلی ھەردوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ھێرشەکە پێشێلکردنی یاسا و دابونەریتە نێودەوڵەتییەکانە.
راشیگەیاندووە کە عێراق پێشتریش پێشێلکردنی سەروەرییەکەی و بەکارھێنانی خاکەکەی بۆ یەکلاییکردنەوەی حیساباتی نێوان وڵاتان و لایەنەکانی رەت کردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە عێراق رەتی دەکاتەوە خاکەکەی بۆ دەستدرێژکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێندرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکراوە کە عێراق داوای لە ئێران کردووە لەوەی روونکردنەوەی روون و ئاشکرا لەوبارەیەوە بدات و عێراق چاوەڕوانی ھەڵوێستی سەرکردە سیاسییەکانی ئێرانە بۆ ئەوەی دەستدرێژییەکە رەت بکەنەوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی بەردەوام دەبێت لەسەر ھەڵسەنگاندنی پێشھاتەکان و تاوتوێکردنی میکانیزمەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق.
ــ ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێر
بەپێی راگەیهندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانهوه ئاراستەی شاری ھەولێر کراون کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتووهتەوە.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لە ئاژانسە ههواڵییهكانی سەر بە وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێری لە ئەستۆ گرتووه و رایگەیاندووه کە بنکەیەکی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج.
لەوبارەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو: "سەبارەت بە ھێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی ١٣ی ئاداری ٢٠٢٢ی سەر ھەولێر، کە گوایا بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک له کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستییەوە، ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژییانە دووبارە دەکاتەوە".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو کە، بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم ھێرشە ترسنۆکانەیه، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە و ھاتووە:
"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئێران دەکەین، بە پەلە لێکوڵینەوە لەم ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستییەکان بۆ رای گشتیی جیھان ئاشکرا بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەم ھێرشانە بگرنەبەر".
ھێرشەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەتوندی ئیدانە کرا.