Zana Natık Kerem
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە ١٤٢ ھەزار لیتر نەوتی سپیان بەسەر ئاوارەکاندا لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دابەش کردووە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە تیمەکانیان بەردەوامن لە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ئاوارەکانی نیشتەجێ لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە کە ١٠٢ ھەزار لتر نەوتی سپی بەسەر ھەزار و ٢٠ خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی کەمپی دەرکار و بێرسڤ یەک لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دابەشکراوە کە ھەر خێزانێک ١٠٠ لیتری پێدراوە.
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە تیمەکانی سەربە وەزارەتی کۆچ کۆچبەران، ٤٠ ھەزار لیتر نەوتی سپییان بەسەر ٤٠٠ خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی کەمپی ھەرشەم سەربە پارێزگای ھەولێر دابەش کردووە کە ھەر خێزانێک ١٠٠ لیتر نەوتی سپی پێدراوە.