Zana Natık Kerem
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند کە بەرژەوەندی کوردستان و بابەتی شەرعییەت لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی حزبییە و پێویستە ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بەڕێوەبچن.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازیی کردووە لە کۆنسولی نوێی بەریتانیا لە ھەولێر، رۆزی کایف.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە رۆزی کایف کردووە بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کۆنسولی نوێی بەریتانیا لە ھەولێر و ھیوای سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ خواستووە.
باسی لەوەش کردووە کە مەسعود بارزانی وێرای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بەریتانیا ئەو پەیوەندییانەی بە گرنگ وەسف کردووە، ھەروەھا سوپاسی بەریتانیای کردووە کە لە شەڕی داعشدا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ھاوکار و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە بووە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە و پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرژەوەندی کوردستان و بابەتی شەرعییەت لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی حزبییە و پێویستە ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بەڕێوەبچن.
راشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ھەنگاوەکانی چاکسازی لەناو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگیی نێوان کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆر.