Zana Natık Kerem
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن رایگەیاند کە دادگای فیدراڵی ئێستای عێراق نادەستورییە.
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەبارەت بەبڕیارەکەی دوێنێی دادگای باڵای فیداڵیی عێراق لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری داوە بە نادروستی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لەچوارچێوەی دەستوور و یاساکان و رێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی، پێویست بوو بۆ ھەرێم بنێردرێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندوو "ئەم بڕیارە ھیچ خزمەت بە سەقامگیری و ئارامی لە عێراقدا ناکات، بە پێچەوانەوە، لەدژی ئەو ھەوڵ و کۆششانەیە کە لە ساڵی رابردوودا، عێراقی لە قەیرانێکی سەخت دەرباز کرد بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، بریارەکە لەکاتێکدا دەرکراوە کە پێشڤەچونێکی باش لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییدا ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی رابردوو".
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن ئاماژەی بەوەیشداوە "پێشتریش بۆچوونی خۆمان راگەیاندووە کە دادگای فیدراڵی ئێستای عێراق نادەستوورییەو پێویستە پێداچوونەوە بە پێکھاتەی ئەو دادگایەدا بکرێت، ئەوەیش بەرێگای یاسایەکی نوێ کە بەپێی حوکمەکانی دەستوور بێت بە تایبەت حوکمەکانی مادەی ٩٢ کە بە روونی باس لە میکانیزمەکانی دامەزراندنی دادگای فیدراڵی دەکات".
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن ھەروەھا رەخنەی توندی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی گرتووە و تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە "ناکرێت لە قۆناغێکی ھەستیاری وەک ئێستای عێراقدا، دادگای باڵای فیدرالیی بە چاوی زۆرینەو کەمینە بڕیار بدات و جیاوازی لەنێوان پێکھاتەکانی عێراقدا بکات، بە تایبەت بابەتی مووچە و قوتی خەڵک کە دەبێت دوور بێت لە ھەر گوشارو دەستێوەردانێکی سیاسی یان بەناو یاسایی".
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە لەبری ئاڵۆزترکردنی کێشەو گرفتەکان، بەدوای چارەسەریی دەستووریی و یاساییدا بگەڕێن و لە ھەموویان گرنگتر داڕشتنی یاسایەکی نوێ بۆ پێکھێنانی دادگای فیدراڵیی کە تیایدا مافی ھەموو لایەنێک بە بێ رەچاوکردنی زۆرینە یان کەمینە پارێزراو بێت و ناوەڕۆکی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥، کە ھەموو گەلانی عێراق دەنگیان پێداوە جێبەجێ بکرێت".
دوێنێ چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارەکانی حکوومەتی پێشوو و ئێستای عێراق لەبارەی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەڵوەشاندەوە و رایگەیاند کە ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە نادەستوورییە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە لە ١٣ی مانگی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بڕیاری دا، ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ھێشتا ئەو بڕە پارەیە نەگەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان.