Zana Natık Kerem
10 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی رایگەیاند، رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا کە بەم دواییانە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکراوە ، رادەستی تورکیایان کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت لە ١٥ی ئەم مانگە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی بەسەرۆکایەتی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا سەردانی تورکیا بکات.
مەھدی رەشید حەمدانی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی ئاشکرایکردووە، رەشنووسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا کە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، بەردانەوەی ئاوی پێویست بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنی تورکی لەخۆدەگرێت.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی راشیگەیاند کە متمانەیان ھەیە لەوەی تورکیا بە ئەرێنیی لەگەڵ دۆسیەی ئاو مامەڵە دەکات و گوتی: "عێراق و تورکیا خواستی راستەقینەیان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو، تەنانەت وەڵامدانەوەی ئەرێنیمان لە لایەن تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیە بەدی کردوو".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ١٧ کانوونی یەکەمی رابردوو بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
ئاوی ھەردوو رووباری دیجلە و فورات لە رۆژھەڵاتی تورکیاوە ھەڵدەقوڵێت و بە خاکی سووریادا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنە باشووری ئەو وڵاتە پێکدەگەن و دەڕژێنە کەنداوی عەرەب.
ھەردوو رووباری دیجلە و فورات وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراق ھەژمار دەکرێن و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی ئاو تیایدا کەمی کردووە ئەمەش بەھۆی کەمی دابارینی باران بووە.
عێراق بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا و کشتوکاڵ بەشێوەی سەرەکی سوود لە ئاوی ئەو دوو رووبارە وەردەگرێت.
تورکیا نەرمی زۆری نواندووە لەبەرامبەر داواکاری بەغدا لەبارەی ئاوی ھەردوو رووبارەکە و لەم چوارچێوەیەدا ئەنقەرە لە زیاتر لە جارێک پڕکردنی بەنداوی "ئیلسۆ"ی لەسەر رووباری دیجلە دواخستووە.
مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی رایگەیاند ئاو لە ھەردوو رووبارەکەدا لەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.
مەھدی رەشید حەمدانی روونیکردبووەوە، کەمبوونەوەی ئاو لە ھەردوو رووبارەکەدا بەھۆی کەمبوونەوەی رێژەی دابارینی باران بووە بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩.