Zana Natık Kerem
24 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
حزبی شیوعیی عێراقی بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو ئەنجام بدرێت راگەیاند.
ئەندامی لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعیی عێراقی، رەزا زاھیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە پارێزگای کەرکووک گوتی: "بەھۆی قەیرانە سیاسیی و ئەمنییەکان، بڕیاری بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانمان دا".
روونیشیکردەوە کە لەئێستادا، کەشێکی گونجاو لەبار نییە تا ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئەنجام بدرێت لەوانە؛ کاریگەری ژمارەیەک لایەن لەسەر پڕۆسەی سیاسیی، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، کردەکانی تیرۆرکردن، رفاندن و تۆقاندن و خراپی رەوشی گوزەرانی ھاووڵاتییان.
حزبی شیوعیی عێراقی کە لەم خولەی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، دوو کورسی ھەیە لە ساڵی ٢٠١٨دا چووە نێو ھاوپەیمانیی سائیرون کە لەلایەن سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتی دەکرێت کە لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەن ٥٤ کورسییە.
حزبی شیوعیی عێراقی هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ سەرجەم داواکارییەکانی خۆپیشاندەران لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لێپرسینەوەی لەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە کوشتنی خۆپیشاندەران و کۆتاییھێنان بە پشکپشکێنەی سیاسیی راگەیاندووە.
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.