Hawkar Yaseen
06 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2020
هەولێر - AA
شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستیی هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئێستا رۆژانە سەدان حاڵەتی نوێ تۆماردەکرێت و بەشێکیشیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و مەترسی مردنیان لێ دەکرێت.
گوتەبێژی بهڕێوهبهرایهتى گشتیی تەندروستیی هەولێر، بژار موسا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند "بەگشتی لە هەولێر هەزار و 900 نەخۆشی کۆرۆنا ماون لەو ژمارەیە نزیکەی 600 نەخۆشیان لە نەخۆشخانەکانن و 100 نەخۆش لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجیندان، 80 نەخۆشیش باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئامێری هەناسەدانی دەستکردییان بۆ دانراوە".
بژار موسا راشیگەیاند "ئەوانەی لەژێر بەکارهێنانی ئۆکسجینیشدان لە هەموو ئەگەرێکدا رەنگە باری تەندروستییان تێکبچێت و پێویستییان بە بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکردبێت".
گوتەبێژی بهڕێوهبهرایهتى گشتیی تەندروستیی هەولێر، بژار موسا گوتیشی: "ئێمە نازانین لەناو شاردا چەند کەس تووش دەبێت، بەڵام ئەوەی لە تاقیگەی ناوەندی پشکنینی بۆ دەکەین و دەردەکەوێت کە تووشبووە، رۆژانە لەنێوان 200 تاوەکو 300 حاڵەتی نوێ تۆماردەکەین".
بژار موسا دڵنیایی ئەوەیشی دا کە لە رووی پێداویستی و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ نەخۆش لە هەولێر هیچ کەموکوڕییەک نییە و هەموو شتێکیان لەبەردەستدایە.
بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی لە هەموو هەرێمی کوردستان تەنها 200 ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە و ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاتر بەرەو بەرزبوونەوە بچێت گرفتی نەمانی ئامێرەکە دروست دەبێت.