Hawkar Yaseen
06 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
هەولێر - AA
ئهمڕۆ شەشی ئاب سیاسهتمهدار و یەکێک لە سەرکردەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)، جهلیل گادانی له یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان كۆچی دوایی كرد.
لەمبارەیەوە حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) راگهیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە کە تیایدا هاتووه "بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە رادەگەیەنین کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، کاک جەلیل گادانی، سیاسەتمەدار، کەسایەتیی دیاری سیاسیی کورد و تێکۆشەری دێرینی حزبی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد، دوای حەوت دەیە تێکۆشانی سیاسی لە پێناو رزگاریی نەتەوەکەیدا کۆچی دوایی کرد".
راگەیەندراوەکەی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) ئاماژەی بەوەیش داوە "جەلیل گادانی ماوەی هەفتەیەک بوو بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو کە بەداخەوە ئەمڕۆ چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە".
جەلیل گادانی ساڵی 1934 لە شاری مەهاباد باکووری رۆژئاوای ئێران لە دایکبووە، ساڵی 1948 بووەتە ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستان و دواتر لە سەردەمی محەمەد رەزا شا لەسەر چالاکی سیاسیی 13 ساڵ زیندانی کراوە.
جەلیل گادانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبی دیموکرات ساڵی 1988 لە حزبەکەیان جیادەبنەوە و ناوی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ) لەخۆیان دەنێن و جەلیل گادانی دەبێتە سکرتێری گشتیی.
ساڵی 1996 لەگەڵ حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) جارێکی دیکە یەکدەگرنەوە و لە کۆنگرەی 10ی حزبی دیموکرات وەک ئەندامی رێبەری و مەکتەبی سیاسیی حزبی دیموکرات هەڵدەبژێردرێتەوە.
پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، بەرپرسی کۆمیسیۆنی چاودێری حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بووە.