Fakhradin Ibrahim Mohammad
26 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەشتی هاووڵاتییانی پێنج وڵاتی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا لە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو گەیشتووە، بڕیار دراوە کە پێدانی ڤیزا و هاتنە ژوورەوە بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی وڵاتانی تایلاند، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سینگاپور قەدەغە بکرێت.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە هاووڵاتییانی بیانی و عێراقیش کە سەردانی ئەم وڵاتانەیان کردووە، رێگەیان پێنەدرێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها راشیگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی ئەم وڵاتانەیان کردووە لەمیانی گەڕانەوەیان بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی رەوانەی کەرەنتین دەکرێن.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆ داواشی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووە کە لە حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت سەردانی کەرکووک و نەجەف نەکەن.
داواشی لە تیمی پشکنینی وەزارەتی تەندروستی کردووە لە سەرجەم خاڵەکانی پشکنین لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق جێگیر بکرێن و پشکنین بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانە بکەن کە لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان.