Ozhin Ramadhan Salih
05 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2021
کەرکووک - AA
وەزارەتی کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند کە بۆ رۆژی دووەم لەسەر یەک کردەی تێکدەرانە بۆسەر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا ئەنجامدراون.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی کارەبای عێراقدا هاتووە "لە میانی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا، ١٣ تاوەری گواستنەوەی کارەبا لەڕێگای بەئامانجکردنی راستەوخۆ بۆ هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا لەنێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین، کەرکووک و نەینەوا بە پێنج تەقینەوەی سیستەماتیک و لەیەک کاتدا، تەقێنراونەتەوە".
لە بەیانامەکەی وەزارەتی کارەبای عێراقدا ئاماژەی بەوەدراوە کە بۆ رۆژی دووەم لەسەریەک کردەی تێکدەرانە بۆسەر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەدین و نەینەوا ئەنجامدراون و ئەو ھەوڵە تێکدەرانەیش بۆ لەیەک جیاکردنەوەی مەنزومەی کارەبای باکوورە لە کارەبای نیشتمانیی و بێ بەشکردنی ھاووڵاتییانە لە کارەبای نیشتمانیی لەم کاتەی کە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە "ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ھێڵی گواستنەوەی کارەبای کەرکووک-گەیارەی گازی تەقێنراوەتەوە کە توانای گواستنەوەی کارەبای ٤٠٠ کەی ڤی-یە و ھەر لەڕێی تەقاندنەوەی بۆمبی چێنراو تاوەرەکانی ژمارە(١١٦ و ١١٧ و ١١٨ و ١١٩ و ١٢٠) و لەھەمان شەودا، ھێڵی گواستنەوەی کارەبای شەھید عەبدوڵڵا-ئەلدۆر و باکووری پارێزگای سامەڕا کێڵگەی نەوتی عجێل کە توانای گواستنەوەی کارەبایان ١٣٢ کەی ڤی-یە و لەھەمان کات و ساتیشدا، تاوەرەکانی ژمارە (٣٢٧ و ٣٣١ و ٣٢٩ و ٣٢٩ و ٣٣٠ ) ھێڵی شەھید عەبدوڵڵای پارێزگای سەڵاحەددین تەقێنراوتەوە کە توانای گواستنەوەی کارەبای ١٣٢ کەی ڤی بووە و لەڕێی بۆمبی چێنراودا تاوەری ژمارە ٥٤ی ھێڵی گواستنەوە سامەڕا لە باشووری پارێزگای تکریت تەقێنرایەوە و لەھەمان کاتیشدا، تاوەرەکانی ژمارە(٩٣ و ٩٤)ی ھێڵی گواستنەوەی کارەبای گەیارە-کەرکووک تەقێنراوەنەوە کە بەرھەمی کارەبای ٤٠٠ کەی ڤی بووە".
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە سەرقاڵی پلانێکی بەپەلەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ھێڵانەی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە تەقێنراونەتەوە و ھێزە ئەمنییەکانیش بەڵێنی پاراستنی تاوەرەکان و ئەو تیمانەیانداوە کە ئەرکی چاککردنەوەی تاوەرەکانیان لەئەستۆدایە و بەزووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە بەھۆی بەرزبوونەوی پلەکانی گەرماوە خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبای نیشتمانیی زیاتر بووە .
تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبای نیشتمانیی لە کاتێکدایە کە لە ماوەکانی رابردوودا، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو کە هێزی ئەمنی بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبای نیشتمانیی جێگیرکراون بۆ پاراستنیان لە تەقاندنەوە.