Zana Natık Kerem
13 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2020
بەغدا ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیركردنی ئەندامێكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە كەركووك راگەیاند كە لە ئاژانسی (ئەعماق) كاری کردووە.
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی سەربە پۆلیسی فیدرال لە وەزارەتی ناوخۆ یەك تیرۆریستیان لە سەنتەری پارێزگای كەركووك دەستگیركردووە كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش داواكراوە.
ئاماژە بەوەیش دراوە كە دەستگیركراوەکە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، دانی بەوە داناوە كە ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشە و وەك راگەیاندكارێك بۆ بەرژەوەندی داعش لە كەركووك كاری كردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە دەستگیركراوەکە لە بەشی بەرهەمهێنانی گرتە ڤیدیۆییەكانی تایبەت بە كردە تیرۆریستییەكان دژبە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییان كاری كردووە كە دواتر ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ماڵپەڕی ئاژانسی (ئەعماق) سەربە داعش لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكردووەتەوە.