Heman Hussein Yaseen
06 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی تەرمی پارێزگاری پێشووی کەرکووک، نەجمەدین کەریم لە ئەمریکاوە گەیشتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و بڕیارە لە گۆڕستانی پیرمام بە خاک بسپێردرێت.
لە رێوڕەسمێکدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکوومی و حزبی، پێشوازیی لە تەرمی نەجمەدین کەریم کرا.
نەجمەدین کەریم جگە لەوە پارێزگاری پێشووی کەرکووک و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، ھاوکات پزیشکی نەشتەرگەریی دەماخ و دڕکەپەتک بوو.
نەجمەدین کەریم، رۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، لە نەخۆشخانەی ئۆلن-ی ویلایەتی میریلاند لە ئەمریکا لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی گەڕاوەتەوە ھەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی کاتیی لە ھەولێر بەخاک دەسپێردرێت تا ئەو کاتەی دۆخی شاری کەرکووک سەقامگیر دەبێت و ئەو کات بەشێوەیەکی ھەمیشەیی لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
نەجمەدین عومەر کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ساڵی ١٩٤٩ لە گەڕەکی رەشیداوەی شاری کەرکووک لە دایکبووە و، لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.
لە دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٠ سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی دەکرد لە پارێزگای کەرکووک و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستھێنا.
ھاوکات لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠١١دا، بووە پارێزگاری کەرکووک کە دووەم پارێزگاری کەرکووک بوو لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و تا رۆژی ١٦ی ئوکتۆبەر و دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش کەرکووکی بەجێھێشت و لە ھەولێر نیشتەجێ بوو و، پێش ماوەیەکیش بەھۆی نەخۆشییەوە سەردانی ئەمریکای کرد و رۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەھۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.