عێراق

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدییەکان لە دهۆك

لە شاری دهۆك، کۆنفرانسی "ئێزدی: ئایین، کلتوور، مێژوو و جوگرافیا" بەڕێوەدەچێت، كە بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت و، تێیدا ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی زانستیی کە لەلایەن زانکۆکانی ھەرێم و ١١ وڵاتی جیھان ئامادە کراون، بەشداربن.

Rawan Subhi Obaiullah  | 29.04.2025 - نوێکردنەوە : 04.05.2025
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی ئێزدییەکان لە دهۆك

Dahuk

دھۆک - AA

لە ژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی گەورەترین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئێزدییەکان لە پارێزگای دھۆک دەستی بە کارەکانی کرد، کە لە لایەن بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش و زانکۆی دھۆک رێکخراوە و، ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە کۆنفرانسەکە، گوتەبێژی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش، کاروان باعەدری بە ئاژانسی ئانادۆڵۆ ڕایگەیاند:"زیاتر لە ساڵێکە ئێمە خۆمان بۆ ئەم کۆنفرانسە ھاوبەشە لە نێوان زانکۆی دھۆک و بنکەی لالش ئامادە دەکەین، زیاتر لە ١٠٠ توێژینەوەی زانستیی لەبارەی ئایین، کلتوور، مێژوو و جوگرافیای ئێزدییایەتی پێشکەش کراون، لەوانە ٦٠ توێژینەوە پەسەندکراون کە لە ١٥ پانێلدا لە سەنتەری کۆنفرانسی زانکۆی دھۆک پێشکەش دەکرێن".

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، ڕێبەر ئەحمەد کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بەشداریی لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە کرد، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "دووپاتی دەکەینەوە ئێزدییایەتی یەکێکە لە ئایینە دێرینەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕەگ و ڕیشەی ئێزدییایەتی بۆ ھەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە".

لە بەشێکی گوتارەکەیدا وەزیری ناوخۆ، باسی لە ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال کرد و، گوتی: "ئەو دڕەندەییەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامیدا، وەک خاڵێکی ڕەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە. ھاوکات سوپاسی دۆست و ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی دژی ئێزدییان وەک جینۆساید ناساندووە کە تێیدا ھەزاران ھاووڵاتی ئێزدیی بێتاوانمان کوژران. ئافرەت و منداڵ، دەستگیر کران و تووشی ئازارێکی زۆر بوون، زۆرینەی گوندەکان وێران بوون. پەرستگاکان کە مێژووەکەیان بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕایەوە، بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەناوبران".

ڕێبەر ئەحمەد، باسی گرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالی کرد و، گوتی:" یەکێک لە ئامڕازەکانی سەقامگیریی بەردەوام، ڕێککەوتنی شنگالە کە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بە پاڵپشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژوو کراوە. ئامانج لە ڕێککەوتنەکە دوورخستنەوەی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی یاسایی و ئاسایش و ئاساییکردنەوەی ناوچەکەیە. ئەو ڕێککەوتنە چوارچێوەیەکە بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی ئێزدیی بۆ سەر ماڵ و حاڵیان".

لای خۆیەوە میری کوردانی ئێزدی، میر حازم بەگ لە گوتارەکەیدا کە لە کۆنفرانسەکە پێشکەشی کرد ڕایگەیاند: "بەستنی کۆنگرەی زانستیی و ئەکادیمیی لەم شێوەیە بۆ ناساندن و دیاری کردنی ڕاستی مێژوو و جوگرافیا و کلتووری ئێزدییەکان لە ھەرێمی کوردستان، عێراق و جیھان زۆر گرنگە، بنکەی لالش لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویەتی خزمەتێکی زۆر باش پێشکەشی ئێزدییەکان بکات، داوا لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە ئێزدییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبێت و پۆستی گرنگیان پێ بدرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın