Arif Yusuf
21 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی نەرویج، ئێرنا سۆلبەرگ رایگەیاند كە پابەندن بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، لەبەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە وڵاتەكەی پێویستی بە پاڵپشتیكردنی نێودەوڵەتییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
ئێرنا سۆلبەرگ لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كۆبوویەوە و دوای كۆبوونەوەكەش بە هاوبەشی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ساز كرد.
سەرۆكوەزیرانی نەرویج، ئێرنا سۆلبەرگ باسی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی كرد و گوتی: "لە كۆبوونەوەكەماندا، گفتوگۆمان كرد سەبارەت بە رێگەچارەكان بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە گرژیی و ململانێیەكان لە ناوچەكەدا".
ئێرنا سۆلبەرگ سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان لە عێراق رایگەیاند كە جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی پاراستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانە لە عێراق و ئاماژەی بەوەشكرد كە ئاشتی و دادپەروەریی دوو بنەمای سەرەكیین لە گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتدا.
سەرۆكوەزیرانی نەرویج، ئێرنا سۆلبەرگ سەبارەت بە پرسی رەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی: "پابەندین بە هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە سەركەوتن بەسەر تیرۆردا، بووەتە هۆی ئەوەی كە گرووپە تیرۆریستییەكان نەتوانن لە ناوچەكەوە بچنە وڵاتانی جیهان و گوتی:
"عێراق پێویستی بە پاڵپشتیكردنی نێودەوڵەتییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەدەر لەوەش عێراق پێویستی بە هاوكاریییە لە پەیوەندی ستراتیجی بە ئامانجی پاراستنی خاک وسەرەوەریی".
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی نەرویج، ئێرنا سۆلبەرگ بە مەبەستی تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بەسەردانێك گەیشتە بەغدا.