Fahrettin İbrahim
25 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2019
عێراق ـ AA
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ (سەر بەپەرلەمان) لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ ئانادۆڵو ھاتووە، ئاماری قوربانییەکانی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی بەغدا تا کاتی ئێستا بڵاو کردەوە.
کۆمیسیۆنەکە رایگەیاندووە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا تائێستا دوو کەس کوژراون و ٦٧ کەس بریندار و ١٠٩ حاڵەتی بێھۆشکەوتن بەھۆی رشتنی گازی فرمێسکڕێژەوە ھەیە.
سەرەتای پێکدادانەکان لەسەر پردی کۆماری لە ناوەڕاستی شارەکە دەستی پێکرد، کاتێک خۆپیشاندەران ھەوڵی لادانی یەکەم بەربەستی ئەمنی و گەیشتن بە ناوچەی سەوزیان دەدا، لە بەرامبەردا ھێزە ئەمنییەکان بە بۆمبی دەنگی و رشتنی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بە ئاسماندا وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.
لەئێستاشدا خۆپیشاندانەکان کە لە نیوەی شەوی رابردووەوە لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی تری خوارووی عێراق دەستیان پێکردووەتەوە، بەردەوامیان ھەیە.
- "بریندار بوونی ٦٠ کارمەندی ئەمنی لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی عێراق"
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خالد مەحنا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئاکامی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا و تائێستا زیاتر لە ٦٠ کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
ئەو جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی ئەرکی ھێزە ئەمنییەکان پاراستنی خۆپیشاندەرانە و چەکیان ھەڵنەگرتووە بەرامبەر خۆپیشاندەران.
داواشی لە خۆپیشاندەران کرد بە دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و ئاگادارکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لەھەر حاڵەتێکی گوماناوی.
لەلایەکی ترەوە، کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە کەلەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا کەسێک دەستگیرکراوە و رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کراوە، ئەوەش بەھۆی تەقەکردنی ئەو کەسە لەناو خۆپیشاندەرانەوە بەرامبەر ھێزە ئەمنییەکان.

- سەرەتای خحپیشاندانەکان
سەرەتاش خۆپیشاندەران لە نزیک ناوچەی سەوزەوە دەستیان بەخۆپیشاندان کردەوە و لە ھەوڵی نزیک بوونەوەدا بوون لەو ناوچەیە، بەڵام وەڵامی ھێزە ئەمنییەکان توند بوو بەرامبەریان .
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەو بارەیەوە رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان بە ھەڵدانی بۆمبی فرمێسک رێژ بۆ نێو خۆپیشاندەران، ھەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەرانی نزیک پردی کۆماری بکەن لە ناوەڕاستی پایتەخت، ئەوەش بەھۆی ھەوڵدانی خۆپیشاندەران بۆ لابردنی بەربەستی ئەمنی یەکەمی سەر پردەکە کەبەرەو ناوچەی سەوز دەڕوات.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەو ھۆیەوە ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران بریندار بوون.
لەلای خۆیەوە سەرچاوەیەکی پزیشکی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ پەیامنێری ئانادۆڵو، رایگەیاند کە ٦٨ بریندار لەنێو خۆپیشاندەران گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی بەغدا کە زۆربەیان بەھۆی گازی فرمێسک رێژەوە باری تەندروستیان تێکچووە. ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردەوە کە یەک لە خۆپیشاندەران بە ھۆیت سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
جگە لە بەغدا بڕیارە ئەمڕۆ ھەینی لە چەند شارێکی تری وڵاتەکەش خۆپیشاندانەکان دەست پێبکەنەوە، لە شاری کەربەلا خۆپیشاندەران روو لە گۆڕەپانی پەروەردە لە ناوەڕاستی شارەکە دەکەن.
ھەروەھا ئیوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ناڕەزایەتییەکانی دژی حکوومەت لە ٩ پارێزگای باشووری وڵاتەکە کە زۆرینەی دانیشتووانەکانیان شیعە مەزھەبن، دەستیان پێکردەوە.

- دەیان خۆپیشاندەر ھێرشیان کردە سەر باڵەخانەیەکی حکوومی
سەرچاوەیەکی ئەمنی لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی، دوای ئەوەی دەیان کەس لە خۆپیشاندەران ھێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەی دیوانی پارێزگای سەماوە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە توانراوە ئەو کەسانە لە باڵەخانەکە بکرێنە دەرەوە بەبێ ھیچ رووبەڕووبوونەوە و قوربانییەک.
ئەو سەرچاوەیە رونی کردەوە کە ھێزە ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندانەکانیان لە ئەستۆیە، بەڵام لەھەمانکاتدا رێگا نادەن بەھێرشکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی.
خۆپیشاندانەکان لە شەوی رابردووەوە لە بەغدا و چەند شارێکی تری عێراق دژی حکوومەت دەستیان پێکردووەتەوە.
لەلای خۆیەوە حکوومەتی عێراقی ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەر دۆخێکی نەخوازراو و ھێزە ئەمنییەکان خراونەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
لەخۆپیشاندانی ئەمجارەدا لایەنی حکوومی و لایەنەکانی تریش ھۆشدارییان داوە لە ئەگەری مامەڵەکردنی توندی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران، ئەوەش لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی رووداوەکانی خۆپیشاندانەکانی ھەفتەی یەکەمی سەرەتای ئەم مانگە کە بەھۆی بەکارھێنانی ھێز و توندوتیژی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، ١٥٧ کەس کوژران.
کەوتنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانییەکان، کاردانەوە و نیگەرانی توندی بەدوای خۆیدا ھێنا و حکوومەت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ بەدواداچوونی راستییەکان پێکھێنا.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی زنجیرەیەک چاکسازی تری لە وڵاتەکەدا راگەیاند بە ئامانجی دامرکاندنەوەی توڕەیی و نیگەرانی دەنگە ناڕازییەکان لە وڵاتدا.
لەگرنگترین ئەو چاکسازییانەش :
- ئەنجامدانی گۆڕانکاری وەزاری دوور لە پشک پشکێنە و لەسەر بنەمای توانا و لێوەشاوەیی.
- پشتگیری کردن لە دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دامەزراندنی دادگای باڵا بۆ دادگایی کردنی گەندەڵکاران بەشێوەیەکی ئاشکرا .
- کەمکردنەوەی لەسەدا ٥٠ی مووچەی پلە باڵاکان لە حکوومەت و پەرلەمان.
- دروستکردنی سندووقی بیمەی کۆمەڵایەتی، بۆ کەمکردنەوەی ھەژاری لە وڵاتدا.
- کەمکردنەوەی تێچووی ھەموو نووسینگەکانی سەرۆکایەتییەکان.
- جێبەجێکردنی راستەوخۆی یاسای پارتە سیاسییەکان ، گرووپە چەکدارەکان نابێت حزبی سیاسییان ھەبێت و ئەو گرووپە چەکدارییانەی لەماوەی رابردوو بەھەر ھۆکارێک دروستبوون چەکەکانیان فڕێ بدەن و ببنە بەشێک لە ھێزە ئەمنییەکان.