06 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
لە ئاكامی كەوتنەخوارەوەی ژمارەیەك گوللـە هاوەن و تەقەی قەناس بەدەستەکانەوە، ١٠ كەس لە رۆژهەڵاتی بەغدا برینداربوون.
سەرچاوەیەكی خۆجێی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە شەوی رابردوو ژمارەیەك گوللـە هاوەن كە لە سەرچاوەیەكی نادیارەوە ئاراستەكرابوون لە شاری سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا كەوتوونەتە خوارەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەیشكردووە كە هاوكات لەگەڵ كەوتنەخوارەوەی گوللـە هاوەنەکان لە لایەن قەناس بەدەستی نەناسراوەوە تەقەكراوە و بە هۆیەوە ١٠ كەس برینداربوون.
لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشووری عێراقی گرتەوە و لە میاندا پێكداهەڵپڕژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویداوە.
بەپێی ئامارەكان لە میانی خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستادا، ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەر و كارمەندی ئەمنی بوونەتە قوربانی.
خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنییەكان بە كردنە ئامانجیان تۆمەتبار دەكەن لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان ئەوە رەت دەكەنەوە كە تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن و دەڵێن كەسانی نەناسراو تەقە لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەكان دەكەن.