Zana Natık Kerem
04 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرەنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکەی لە عێراق، پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، خوان خوسیە ئیسکۆبار.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح سوپاسی باڵیۆزی ئیسپانیای کردووە بۆ ھەوڵەکانی لە پێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە ئەرکەکانی داھاتوویدا، ھەروەھا ھەڵوێستی ئیسپانیای لە پاڵپشتیکردنی عێراق لە شەڕی دژبە تیرۆر بەرزنرخاندووە.
باسی لەوەیش کردووە کەبەرهەم ساڵح رایگەیاندووە "پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرەنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەتیش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و قەیرانی تەندروستیی کە بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ھەموو جیھانی گرتووەتەوە".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لای خۆیەوە باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق، خوان خوسیە ئیسکۆبار رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا.