Zana Natık Kerem
09 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە میانی پێشوازیکردن لە ژمارەیەک کچانی ئێزدی، تورکمان و شەبەک رایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش، دەبێتە مایەی بەدیھێنانی دادپەروەری بۆ ئەو ئافرەت و کچانەی کە رزگارکراون.
بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ پێشوازیم لە ژمارەیەک کچی ئێزدی، تورکمان و شەبەک کرد و پیرۆزبایی پەسەندکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعشم لێکردن".
راشیگەیاندووە "لە دیدارەکەدا، میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعشم لەگەڵ ئەو کچانە تاوتوێ کرد کە دەبێتە مایەی بەدیھێنانی دادپەروەری بۆ ئەو ئافرەت و کچانەی کە رزگارکراون، ھەروەھا کەسایەتی ئەوانیش لە بەرەنگاربوونەوە دژبە تیرۆریستانی داعش رەچاو دەکات".
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح ئەوەشی نووسیووە: "کاری زۆر لە بەردەماندا ماوە ئەنجامی بدەین و گرنگە ھەوڵەکان بەردەوامبن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوەکانی دیکە و راپێچکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا".
یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ژێر دەستی داعش کە لە ماوەکانی رابردوودا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردرابوو، قەرەبووەکردنەوەی ئافرەتان و کچانی ئێزدی، تورکمان و شەبەک کە رزگارکراون لەخۆدەگرێت.