Zana Natık Kerem
13 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە لە عێراق، ئەیاد عەللاوی ئەو ھێرشە مووشەکییەی سەرکۆنە کرد کە شەوی رابردوو کرایە سەر شاری ھەولێر و رایگەیاند کە ئەنجامدانی ھێرشەکە، پێشھاتێکی مەترسیدارە لەبارەی قەبارەی دەستوەردانە دەرەکییەکان لە عێراق.
ئەیاد عەللاوی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەی ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر نووسیوویەتی: "ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر شاری ھەولێر، پێشھاتێکی مەترسیدارە لەبارەی قەبارەی دەستوەردانە دەرەکییەکان لە عێراق".
سەرکردەی ئیئتلافی وەتەنییە راشیگەیاندووە: "ئیدانەی ئەو کردە قێزەوەنە دەکەین و داواش دەکەین لێکۆڵینەوەیەکی راستەقینە لەبەرامبەر ئەو کردە تاوانکارییانە بکرێت و سنوورێکیشیان بۆ دابندرێت".
ئەیاد عەللاوی هۆشداریشی داوە لەوەی نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت و نوسیوویەتی: "لەبەرامبەردا ھۆشداری دەدەین لە بەکارهێنانی خاکی عێراق لە ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ".
بەپێی راگەیاندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.
ھێرشەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی، بەتوندی ئیدانە کرا.