عێراق

ئومێد خۆشناو: "ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە ھەرێمی کوردستان بوونی نییە"

Zana Natık Kerem  | 13.03.2022 - نوێکردنەوە : 13.03.2022
ئومێد خۆشناو: "ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە ھەرێمی کوردستان بوونی نییە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

دوای ئەوەی ھەندێک لە میدیاکانی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ھێرشەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر، بۆ سەر بنکەیەکی ئیسرائیل لە ھەولێر بووە لەمبارەیەوە پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو رەتیکردەوە کە ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە ھەرێمی کوردستان بوونی ھەبێت.

ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی پێشھاتەکانی ھێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری ھەولێر رایگەیاند کە، ئامانجی ھێرشەکەی شەوی رابردوو، باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا بووە، وەکو لایەنە فەرمییەکان بڵاویانکردووەتەوە، ھێرشەکە لە رێگای ئاراستەکردنی ١٢ مووشەکەوە لە دەرەوەی سنووری ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام دراوە و گوتی: "لە ئاکامی ھێرشەکە، دوو ھاووڵاتیی برینداربوون، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە".

پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو ئەو دەنگۆیانەی کە ھەندێک میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لەوەی ھێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بنکەیەکی ئیسرائیل لە ھەولێر بووە، رەتکردەوە و رایگەیاند کە، ھیچ بنکە و شوێنێکی ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان دا بوونی نییە وەکو ئەوەی ھەندێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە و گوتی: "ئەو دەنگۆیانە ھیچ بنەمایەکیان نییە، چونکە ھیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لەو شوێنە نییە وەکو باس دەکرێت، تەنیا کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکای لێیە کە بەشێکی تەواو بووە، ئەو شوێنانەی زیانی بەرکەوتووە شوێنی خەڵکی سڤیلن".

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران کرد و گوتی: "ھەرێمی کوردستان وەکو ھەرێمێکی دەستووریی لەچوارچێوەی عێراقدا، بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دا ھەبووە و پەیوەندییەکانیش ئاسایی بووە،دوای رووداوەکەش تا ئێستا ھیچ پەیوەندییەک لەنێوان بەرپرسانی ئێران و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بەو رووداوە نەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە پەیوەندی دەبێت و لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەڕەشە نییە لەسەر ھیچ دراوسێیەک".

پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە بۆ دژایەتی ئیسرائیل، ئەمریکا و ھیچ وڵاتێکی دیکە نییە، بەڵکو دژبە قەوارەی ھەرێمی کوردستانە".

بەپێی راگەیاندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.

ھێرشەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی، بەتوندی ئیدانە کرا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın