Hawkar Yaseen
13 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی ئاسایی ھەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، چوار تەوەری سەرکی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە تەوەری یەکەمدا "پەیامی ئەنجوومەنی وەزیران بەبۆنەی کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سوپاسی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەکە و سوپاسی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان و پەیامی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی لە پێناوی بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دوور لە ململانێی ناوخۆیی بە ئاراستەی داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان دەخرێتەڕوو".
لە تەوەری دووەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ دەکات دەربارەی "خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە ھەماھەنگی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕال".
لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەدا "راپۆرتی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە چاکسازی و رێکخستنەوەی بواری باج لە ھەرێمی کوردستان کە تیایدا چەند راسپاردەیەک بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خراونەتەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت".
بەپێی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا "پێشنیاری راسپاردنی ھەریەک لە وەزیری داد، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بەدواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدراڵیی پەیوەندیدارن بە ھەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم داوایانە باس دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت".