Hemin Hüseyin
16 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
هەولێر-AA
لە رۆژی ١٦ ئاداری ساڵی ١٩٨٨ حکوومەتی بەعس شاری ھەڵەبجەی بەچەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا، ٥ ھەزار کەسی مەدەنی شەهید بوون و ١٠ ھەزار کەسی دیکەش بریندار بوون کە تا ئێستاش ئەم تاوانە شوێنەواری ماوە و چەندین برینداری ئەم کارەساتە بەدەست برینەکانییانەوە دەناڵێنن و بەشێک لە بریندارەکانیش بەھۆی سەختی برینەکانییانەوە شەھید بوون. بۆردومانەکە لە کاتژمێر ١١ دەستی پێکرد و لەماوەی ٥ خولەکدا ٥ ھەزار کەس بوونە قوربانی و بۆ دەربڕینی ماتەمیش ساڵانە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لەم یادەدا لە کاتژمێر ١١ بۆ ماوەی ٥ خولەک لە جووڵە دەوەستن و ھەموو جموجۆڵێک رادەوەستێت.
لە یادی ٢٩ ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، بەئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و وەزیرەکان و ستافی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەم یادە بەرز راگیرا.
یەکێک لە بەشداربووانی ئەو یادە، مریەمی تەمەن ٣٠ ساڵەبوو کە لەکاتی کارەساتەکە لە خێزانەکەی دادەبڕێت و لەلایەن خێزانێکی ئێرانییەوە بەخێودەکرێت تا پارساڵ لە دوای پشکینینی (دی ئێن ئەی)، بەخێزانەکەی شادبووەوە.
مریەم ئەحمەد قادر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە ئەمرۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لێ کردم و بەنوێنەرایەتی خەڵکی هەڵەبجە سوپاسی دەکەین".
ئەم کارەساتە جگە لەوەی کە بووە ھۆی شەھید بوون و بریندار بوونی خەڵکی سڤیل، ھاوکات بووە ھۆی ونبوون و لێکدابڕانی خێزانەکان و لەم ساڵانەی دواییشدا ژمارەیەک لە منداڵە ونبووەکانی ئەوکات لە رێگای پشکنینی پزیشکی (دی ئێن ئەی) بەکەسوکارییان شادبوونەوە.
دوای تێپەڕبوونی سێ دەیە، ساڵانە لە کوردستان رۆژی ١٦ی ئادار، پێنج خولەک جووڵە دەوەستێت وەکو ماتەمینی بۆ ئەو کارەساتەوە و چەندین شانۆگەری و چیرۆکی تراجیدی نمایش دەکرێت و ئەمڕۆش بەم بۆنەوەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکوەزیران و سەرجەم وەزیران و کارمەندەکان و نوێنەری خەڵکی هەڵەبجە، مریەم ئەحمەد، بۆ ماوەی ٥ خولەک بەبێ دەنگی وەستان.
ھەڵەبجە کە لە رۆژی ١٦ ئاداری ساڵی ٢٠١٥ بەپارێزگا کرا دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی هەرێمی کوردستان و رووبەرەکەی هەزار و٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی ٧٥ کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێران.