ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوای ڕاپۆرتی لێژنەکان و ڕادەستکردنی نەوت دەنێردرێت"
- ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بەستەوە بە گەیشتنی ڕاپۆرتی لێژنەکان، دیاریکردنی داهاتی هەرێم کە پەسەندکراوی دەیوانی چاودێری دارایی بێت و هەروەها ڕازیکردنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن هەرێمەوە.

Arbil
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە پابەندە بە ناردنی مووچە بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەو مەرجانەی کە پێشتریش لەسەریان ڕێککەوتن کراوە لەوانەش ئامادەبوونی ڕاپۆرتی لێژنەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا، دیاریکردنی داهاتی هەرێم کە پەسەندکراوی دەیوانی چاودێری دارایی بێت و هەروەها ڕازیکردنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ٣٣هەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی بەڕێوەچوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بڕگەیەک لە کارەکانی کۆبوونەوەکە، بریتی بووە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لەم بارەیەوە جارێکی دیکە جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی کراوەتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیاندووە کە پاش جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە، وەک بنەمایەک پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بە پێی ئەم ڕاگەیاندراوە، پێویستە لێژنەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانیان تەواو بکەن و هاوکاتیش دەبێت لێژنەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕاپۆرتی داهاتی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن بە شێوەیەک کە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایییەوە پەسەند کراوبێت.
ئەنجوومەنی وەزیران وەک خاڵی سێیەم ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی بنەمای یاسای بوودجەی فیدڕاڵی، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم پابەند بکات بە ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێندراوی هەرێم.