Zana Natık Kerem
10 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2020
بەغدا - AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە داوای لە سەرجەم دادگاکان کردووە، خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن.
ئەنجوومەنی ناوبراو راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، وەک وەڵامێک بۆ داواکەی دوێنێ شەممەی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی، داوا لە سەرجەم دادگاکان دەکەن، خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن.
دوێنێ شەممە حكوومەتی نوێی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی ئەنجامدا كە لە میانیدا ژمارەیەك بڕیاری نوێ دەركران.
دوای كۆبوونەوەكە مستەفا كازمی لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو توندوتیژیانە بکات کە لەمیانی خۆپیشاندانەکاندا روویانداوە و بەهۆیەوە ٦٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، باسی لەوەش كرد كە داوایان كردووە، سەرجەم خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داواشی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کرد کە داواکەی سەبارت بە ئازادکردنی خۆپیشاندەرە دستگیرکراوەکان جێبەجێ بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی داوای لە دادوەران کردووە کە لێکۆڵینەوە بکەن لە ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە لەسەر خۆپیشاندان دەستگیرکراون، چونکە خۆپیشاندان لە ماددەی ٣٨ی دەستوور بە مافێکی رەوای هاووڵاتییان چەسپاوە، بەڵام بەو مەرجەی نەبێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا".