Haydar Karaalp
10 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند کە بڕیاریداوە عەبدولوەهاب ساعدی بگەڕێنێتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر و ئاشكراشی کرد كە لیژنەیەك پێكدەهێنن بۆ ئەوەی بە رێككەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریكادا بچێتەوە.
حكوومەتی نوێی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی ئەنجامدا كە لە میانیدا ژمارەیەك بڕیاری نوێ دەركران.
دوای كۆبوونەوەكە مستەفا كازمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بڕیارمان دا کە فەریقی یەكەم عەبدولوەهاب ساعدی بگەڕێنینەوە و بۆ پۆستی سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر".
هێزەكانی دژە تیرۆر كە بە هێزی بژاردە لە سوپای عێراق دادەندرێت و لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە مەشقیان پێكراوە و پڕچەككراون لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ٢٠١٧ رۆلێكی سەرەكیان گیرا لە شەڕەكانی دژبە داعش.
ئاماژە بەوە دەكرێت كە عەبدولوەهاب ساعدی رۆڵێكی گەورەی گیراوە لەگەڵ فەرماندەكانی دژە تیرۆر لە دوورخستنەوەی مەدەنییەکان لە مەترسی شەڕەكانی دژبە داعش لە مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٧دا.
لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٩دا سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، عەبدولوەهاب ساعدی لە پۆستی سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر دوور خستووە.
لای خۆیەوە عەبدولوەهاب ساعدی بڕیاری دوورخستنەوەكەی رەتكردەوە و رایگەیاندبوو كە ئەو بڕیارە سووكایەتیکردنە بە خزمەتكردنەكەی.
مستەفا کازمی راشیگەیاند كە بڕیاردراوە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی سەرپشكبن لە بڕیاردان بۆ پێدانی مووچەی خانەنشینان.
هەروەها سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بكات و باسی لەوەشكرد كە داوایان كردووە، سەرجەم خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكراشی كرد كە بڕیاریانداوە داوە لیژنەیەك لە شارەزایانی كاروباری دەرەكی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی پێكبهێنن بۆ ئەوەی گفتۆگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی بكات سەبارەت بە پێداچوونەوە بە رێككەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات بە جۆرێك یەكێتیی و سەروەریی عێراق پارێزراو بێت.