10 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2020
بەغدا - AA
وێرای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، مستەفا کازمی لەو کەسانە نەبوو کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەربژێرکرابوو بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکار کێشاوە، عادل عەبدولمەهەدی، بەڵام ئەو پیاوە لە یەکەم کۆبوونەوەی حکوومەتەکەیدا، ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد کە چاودێران بە هەوڵێک بۆ رازییکردنی خۆپیشاندەران لەقەڵەمیان داوە.
دوێنێ شەممە حكوومەتی نوێی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی ئەنجامدا كە لە میانیدا ژمارەیەك بڕیاری نوێ دەركران.
دوای كۆبوونەوەكە مستەفا كازمی لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو توندوتیژیانە بکات کە لەمیانی خۆپیشاندانەکاندا روویانداوە و بەهۆیەوە ٦٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون، باسی لەوەش كرد كە داوایان كردووە، سەرجەم خۆپیشاندەرە دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن.
لە چەند مانگی رابردوودا حکوومەتی پێشووی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان هەر نەک ئاشکرا نەکرد، بەڵکو خۆپیشاندەرانی بە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان و دامەزرە فەرمییەکان تۆمەتبار کرد.
بەڵام لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە ئەوە دەردەکەوێت کە چەکدارانی سەربە گرووپەکانی حەشدی شەعبی تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.
لە ماوەکانی رابردوودا، خۆپیشاندەران پاڵپشتی خۆیان بۆ ژمارەیەک لەو فەرماندەی ئەمنییانە دووپات کردەوە کە لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە لەنێویاندا سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر، فەریقی یەکەم روکن عەبدولوەهاب ساعدی.
مستەفا كازمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو کە بڕیاریان داوە، فەریقی یەكەم روکن عەبدولوەهاب ساعدی بگەڕێنینەوە بۆ پۆستی سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆر و عەمید یەحیا رەسول بکرێتەوە بە گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی بۆ راگرتنی خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا مووچەی خانەشینان خەرج بکرێت.
هاوکات چاودێران وای بۆ دەچن کە ئەو بڕیارانەی مستەفا کازمی هەوڵێکە بۆ رازییکردنی خۆپیشاندەران بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران و راپێچکردنی کەندەڵکاران بۆ بەردەم دادگا.
لای خۆیەوە یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا، ماجد شوەیلی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆپیشاندەران خۆشحاڵن بە بڕیارە نوێیەکانی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی، بەڵام ئەو بڕیارانە پێویستە جێبەجێ بکرێن بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستە بە ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران و دادگاییکردنیان".
گوتیشی:"ئەگەر مستەفا کازمی سەرکەوتوو بوو لە ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران، ئەوا هەموومان پاڵپشتی لێ دەکەین".