Hawkar Yaseen
31 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2021
هەولێر AA
تۆڕی هاوپەیمانیی کەمینەکان لە عێراق لە چوارچێوەی پرۆژەی باشترکردنی مافی پێکهاتە کەمینەکان لە عێراق، راپۆرتی ساڵانەی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر کەمینەکان کراوە لە میانی ساڵی ٢٠٢٠دا لە عێراق بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە شاری هەولێر راگەیەندرا، ئەمساڵ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار لە کەمینەکان بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی، عێراقیان بەجێهێشتووە و ئاوارەی وڵاتانی دیکەبوون.
بەڕێوەبەری دەستەی جێبەجێکاری تۆڕی هاوپەیمانیی کەمینەکان لە عێراق، هۆگر چەتۆ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "راپۆرتی ئەمساڵمان دوو تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان ئەو رەوشە سیاسییەی کە لە ٢٠٢٠دا تێدەپەرێت و بەشەکەی دیکەش ئەو پیشێلکارییانەیە کە وەک هەموو ساڵێک لە چوارچێوەی ژیانی رۆژانەدا رووبەڕووی کەمایەتییەکان دەبێتەوە، ئەوەی پەیوەندی بە بەشی یەکەمەوە هەیە بەداخەوە ململانێیە سیاسییەکان لە عێراق کاریگەری خراپی سلبی لەسەر کەمایەتییەکان هەیە بەتایبەت یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە ماددەی ١٤٠ و جێبەجێ نەکردنی ئەو ماددە دەستوورییە کە لای هەمووان روونە ناوچەکانی ماددی ١٤٠ لە شنگال هەتاوەکو خانەقین لە هەرچوار پارێزگای نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە بەشی زۆری کەمینەکانی عێراق لەوێ دەژین بە پێکهاتەی جیاواز، بۆیە ئەمان رووبەڕووی گرفتی گەورە بوونەتەوە و ململانێی جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە کاریگەری سلبی بەجێهێشتووە".
راشیگەیاند "ئەمساڵ ١٣ حاڵەتی ململانێ لەسەر زەویوزار و داگیرکاریمان لا تۆمارکراوە کە زەویوزاری کەمایەتییەکان داگیر دەکرێت یان دەستی بەسەردا دەگیرێت لەڕێگای ئەو گرێبەستانەی لە کاتی پێشتردا هەبووە کە ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، ئەمە جگە لەوەی کە ئەو ناوچانە ئارام نین و ناو بە ناو داعش خۆی تێدا دەردەخاتەوە و وەک پێویست ئاوەدانیش ناکرێنەوە و خزمەتگوزاریان بۆ ناچێت".
هۆگر چەتۆ راشیگەیاند "درێژەکێشانی ململانێکان، کاریگەری سیاسەت و جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ وایکردووە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئاوارەی کەمایەتییەکان نەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و زیاتر لە ٢٥٠ هەزار هاووڵاتی کەمایەتییەکان عێراق بەجێبهێڵن و بچنە دەرەوەی وڵات و ئاوارەبن".
گوتیشی: "بابەتێکی دیکە کە هەندێکجار باسیش دەکرێت و لە راپۆرتەکەی ئێمەشدا ئاماژەی پێدراوە، تەنها لە شنگال نزیکەی ٢٧ یەکەی سەربازیی جیاواز هەیە چ بە فەرمی و چ بە نافەرمی و ئەوانە قسە و ئاگادارکردنەوە لە لایەنی جیاواز وەردەگرن کە ئەوەش بەشێکە لەو گرفتەی لە چوارچێوەی جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ دروستبووە".
بەڕێوەبەری دەستەی جێبەجێکاری تۆڕی هاوپەیمانیی کەمینەکان لە عێراق راشیگەیاند "ئەوەی پەیوەندی بە پیشێلکاری هەبێت بەشێوەیەکی گشتی، تۆڕەکەمان ٨٦ حاڵەتی تۆمارکردووە کە ٦٩ حاڵەتیان پیشێلکاری کەسی بووە بەرامبەر کەس کراوە، ١٧ حاڵەتیان بە کۆمەڵ بەرامبەر کەمایەتییەکان کراوە کە بەداخەوە ئەمە حاڵەتێکی گەورەیە و چەندین ساڵە دووبارە دەبێتەوە".
گوتیشی: "ئەو پێشێلکارییانە کە باسکراوە پەیوەستن بەم بارودۆخانەوە، کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناوچەکانی کەمینەکان لەو بارودۆخە زەرەرمەند بوون و پیشێلکارییان بەرامبەر کراوە، بابەتی خۆپیشاندانی بەردەوام لەو ناوچانە و هەڕەشەکردن لە خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنیان، یاسای هەڵبژاردن کە لەساڵی ٢٠٢٠دا دەرچوو کە بەداخەوە لە رێی ئەم یاسایەوە بەڕوونی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشێلکاری بەرامبەر کەمایەتییەکان کردووە، تۆمەتخستنە پاڵ کەمایەتییەکان لە کەیسەکانی دادگاکاندا، نموونەش هەیە کەسیش نییە بەرگرییان لێبکات، بەردەوامی هەڕەشە و راوەدونان و دەستبەسەرداگرتن و هەڕەشەکردن لە چالاکوانانی بواری کەمایەتییەکان".
هۆگر چەتۆ راشیگەیاند "خاڵێکی دیکە کە بەگرنگمان زانیوە و بە زەقی باسمان کردووە، رێککەوتننامەکەی نێوان هەولێر و بەغدایە دەربارەی شنگال، ئێمە بەگرنگی دەزانین و پێمان وایە گرنگ بوو کە ئەنجامدرا، بەڵام چەند سەرنج و تێبینییەک تۆمارکراوە لەسەری لەلایەن تیمەکانی ئێمە کە ئەمانەن، ئەو رێککەوتننامەییە هیچ خشتەیەکی دیاریکردنی کاتی بۆ جێبەجێکردنی تێدانییە کە پێویست بوو تێیدا بگوترێت لە ماوەی چەند و لە کەیدا جێبەجێ دەکرێت، ئەم رێککەتننامەیە بەهیچ شێوەیەک باس لە بەسزاگەیاندنی ئەو تۆمەتبارانە ناکات کە تۆمەتبارن بە کوشتنی هەزاران خەڵکی بێ گوناح لە شنگال کە دەبوو ئەمە جێی بکرێتەوە تێیدا و کەس بەهۆی ئەو رێککەوتننامەیە داڵدە نەدرێت و تۆمەتبارانی راستەقینە بخرێنە زیندان و سزابدرێن کە ئەوەش بەشێکە لە قەرەبووکردنەوەی قوربانییان، خاڵێکی دیکەی خراپ بەشداریپێنەکردنی ئەو لایەنانەی دیکە کە ئێستا بە دیفاکتۆ هەن و بەشێک لە خەڵکی ئێزیدی باوەڕی پێیان هەیە دەبوو ئەوانیش وەک لایەنێک گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت بەلانیکەم پیش واژووکردنی رێککەوتننامەکە".
گوتیشی: "بەداخەوە ئێستا کە نزیکی ٩٠ رۆژ بەسەر رێککەتننامەکەدا تێپەڕێوە ئەوەی کە ئومێدی گەورەی خەڵکی شنگال و رێککەوتننامەکەشە گەڕانەوەی خەڵکی شنگالە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەڵام بە کرداری شتێکی وا رووینەداوە".