Sarmand Hameed
17 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2020
بەغدا - AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆسەر ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە چیای قەرەچووغ باشووری قەزای مەخموور، سێ تیرۆریستی داعش کوژران.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر راسپاردەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بۆسەر یەکێک لە ئامانجەکانی تیرۆریستان لە چیای قەرەچووغ باشووری قەزاری مەخموور ئەنجامداوە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق بریتییە لە هێزێکی سەربازیی و پێکهاتووە لە سەربازانی وڵاتان لەسەر ئاستی جیهان و لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە سەرکردایەتی دەکرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ تیرۆریستی داعش کوژراون، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخرێتە روو.
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لەدوای ئەوەی سوپای عێراق کوژرانی والی بەغدای رێکخراوی تیرۆریستی داعش و دوو لە یاریدەدەرەکانی لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری راگەیاند.