Heman Husseın Yaseen
12 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف بەبۆنەی پەسەندکردنی پێشنیازە بڕیاری بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە نەتەوەی تورکمان دەکات.
لە پەیامێکدا وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف بەبۆنەی پەسەندکردنی پێشنیازە بڕیاری بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەی تورکمان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی پێکھاتەی تورکمان دەکات.
لە پەیامەکەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ھاتووە "پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی پێکھاتەی تورکمان دەکەین کە لە بڕیارەکەدا ھاتووە بە دیاریکردنی رۆژەکانی؛ ١٧ی تشرینی دووەم وەک رۆژی زمان و کولتووری تورکمانی و ٢٥ی شوبات وەکو رۆژی رۆژنامەگەری تورکمانی، بەم بۆنەیەشەوە دەستخۆشی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکان بە گشتی و بەتایبەتی فراکسیۆنە تورکمانییەکان دەکەین کە رۆڵێکی باشیان ھەبوو لە تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە بڕیارەدا".
لە کۆتایی پەیامەکەدا، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف ھیوای بۆ زیاتر پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکان خواستووە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازە بڕیاری رۆژانی بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەی تورکمان کرد و بە دەنگی ٧٣ پەرلەمانتار، پەسەند کرا.