Rewa Mahmood Hasan
08 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2021
هەولێر - AA رەوا حاجی
بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتیی، برایەتی و پێکەوەژیان، دارتاشێکی دانیشتووی هەولێر، کورسییەکی تایبەت بە پاپای ڤاتیکان دروست دەکات و بێ بەرامبەر دەیبەخشێتە کڵێساکانی حەوشەی بەیعەت لە مووسڵ.
چیرۆکی محەمەد لەگەڵ کورسییەکەی پاپا بۆ ئێوارەیەکی درەنگ دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لە نوێنەرانی کڵێساکانی گۆڕەپانی حەوشەی بەیعەت لە مووسڵ، پەیوەندی پێوە دەکات و داوای لێدەکات لەبەرامبەر بڕێک پارەدا، کورسییەکی شایستە دروست بکات بۆ دانیشتنی پاپای ڤاتیکان لە کاتی سەردانەکەیدا، ئەمیش قبوڵی دەکات، بەڵام بەمەبەرجێکی جیاواز.
مەرجی محەمەد بۆ دروستکردنی کورسییەکە ئەوە دەبێت هیچ بڕە پارەیەک وەرنەگرێت لەبەرامبەردا و تەنیا وەک گەیاندنی پەیامی ئاشتیی، برایەتی و پێکەوە ژیان کە خواستی موسڵمانانە ئەو کورسییە دروست دەکات بۆ پاپای ڤاتیکان.
محەمەد سەعدی سەعید جاف لەدایکبووی ١٩٨٣، هەر لەمنداڵییەوە سەرقاڵی کاری دارتاشی دەبێت، ئەو کە لە باپیر و باوکییەوە ئەو پیشەیەی بۆ ماوەتەوە، ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە شوێنیکاری خۆی داناوە وەک دارتاش.
- سەرەڕای ئەو زوڵمەی لێیان کرا هێشتا پەیامی ئاشتیی دەبەخشنەوە
پێشتر باپیر و باوکی لە شاری کەرکووک سەرقاڵی پیشەی دارتاشی بوون، دوای ئەوەی کە بەهۆی زوڵم و زۆری رژێمی بەعسی رووخاو، ناچار دەبن کەرکووک بەجێبهێڵن و روو بکەنە هەولێر و ئەمیش دەبێتە قوربانییەکی دەستی زۆر و ستەمی دەسەڵاتداری زاڵم.
وەک محەمەد باسی لێوە دەکات باپیری لە ساڵی ١٩٦٨ ناچار دەکرێن شاری کەرکووک بەجێبهێڵن بەزۆرەملێی، دواتر لە هەولێر دەگیرسێنەوە و باوکی پێشمەرگە بووەو بەهۆی جەنگەوە بریندار دەبێت و لە ماڵەوە دادەنیشێت.
محەمەد هاوشێوەی کەرکووک، سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی لە دووکانەکەیدا جێکردۆتەوە و پێکەوە کارگەیەکی دارتاشی گەورەیان دروستکردووە.
محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو زوڵمەی لە کەرکووک لێیان کرا نەبۆتە هۆی ئەوەی تەنانەت بۆ ساتێکیش بێت رق لە دڵیاندا بچێنن و گوتی: ''باوکم وا پەروەردەی کردین کە هەمیشە کەسانی ترمان خۆشبوێت، هەردەم پەیامی ئاشتی بدەین بە چواردەورمان، هەربۆیە کاتێک پاپا هات، حەزم کرد ئەو دیارییەی بدەمێ، ئەو پەیامەش بدەم کە موسڵمانان تێکدەر نین، بەڵکو ئێمە هەموومان لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان پەروەردەبووین".
- بیرۆکەی دروستکردنی کورسییەکەی پاپا
سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی کورسییەکەی پاپا، محەمەد گوتی: ''برادەرێکم هەیە خەڵکی قەرەقۆشە، باسی ئەو کەنیسەیەی کرد کە پێشتر رێخراوی تیرۆریستیی داعش تەقاندبوویەوە و گوتی ئەگەر بتوانیت کورسییەک دروست بکەیت، لەبەرامبەردا چەندت بوێت دەتدەینێ، منیش پێمگوتن، تەنیا بەرامبەر سێ شت ئەو کورسییەکە دروست دەکەم بۆ پاپا، ئەویش ئاشتی، برایەتی و پێکەوەژیان، لەبەرامبەر ئەو سێ شتەدا دروستم کرد بۆیان".
سەبارەت بە چۆنیەتی دروستکردن و ئەو ماددانەی کە لە دروستکردنی کورسییەکەیدا بەکاری هێناوە، محەمەد گوتی: ''تەنیا لەماوەی چوار رۆژدا دەبوو کورسییەکە تەواو بکەم، لەکاتێکدا خۆی یەک هەفتەی پێویستە، بۆیە بە شەو و رۆژ کارمان تیادا کرد لەگەڵ هاوکارانم، هەمووی کەرەستەی زۆر باش و کوالیتی بەرزمان بەکارهێنا. هەر لە دار، بۆیاغ و ئەو ئیسفنجانەی تیایدا بەکارهات. دارەکەی زەند-ی رۆمانی بوو، بۆیاغەکەی مارکەیەکی تورکی بوو، سەبارەت بە کوشنەکەی، قوماشەکەی تورکی بوو، بۆیاغی کوشنەکەی مارکەیەکی ئیتاڵی بوو رەنگی ئاڵتونی، نیمچە ئاڵتونێکە هەرگیز کاڵ نابێتەوە".
- باوکم دیزاینەکەی بۆ کردین و ئێمە جێبەجێمان کرد
محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە دیزاینی کورسییەکە باوکی بۆی داناوە و ئەوان تەنیا دروستیان کردووە و خۆی سەرپەرشتی رێکخستنەکانی کردووە.
ئەو دارتاشە گەنجە باس لە دوای تەواوکردنی کورسییەکە دەکات و دەڵێت ''دوای تەواوبوونی رادەستی ئەو کەسەم کردەوە کە ئەندازیارە و خەڵکی قەرەقۆشە، ئەندازیاری مەترانە، زۆریان لێکردم کە پارە وەرگرم، بەڵام هیچم وەرنەگرت، ئێمە وەک خەڵکی هەرێمی کوردستان وا فێربووین کە هەموومان حەزمان بە پێکەوە ژیانە، هیوادارم هەموو عێراق وەک هەولێر و هەرێمی کوردستان فێری پەروەردەی پێکەوە ژیان ببن".
محەمەد ئاماژە بەوە دەکات ئەوکاتەی پاپای بینیوە لەسەر ئەو کورسییە دانیشتووە کە ئەم دروستیکردووە، هەستی بە خۆشییەکی زۆر کردووە و دڵنیابۆتەوە لەوەی کە پەیامەکەی گەیشتۆتە جێ و گوتی: ''یەکەم شت شانازیم بەباوکمەوە کرد، ئێمەی وا پەروەردە کرد هەردەم پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان بخەینە پێش کار و پیشەکەمان".
پێشتر و لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە چوار کڵێسای مەسیحییەکان لە گۆڕەپانی حەوشەی بەیعەت (گۆڕەپانی کڵێسا) کە دەکەوێتە بەشی کۆنی شاری مووسڵ، خاپوور کران.