عێراق

کچانی رزگاربووی دەستی داعش گۆرانی بۆ ژیان دەڵێن

- گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال دوو ساڵە دامەزراوە و لە ١٤ ئەندام پێکهاتووە و لە زۆرینەی شارەکانی عێراق چالاکییان هەبووە و چوونەتە پەرلەمانی بەریتانیاش.

Hawkar Yaseen  | 08.03.2021 - نوێکردنەوە : 11.03.2021
کچانی رزگاربووی دەستی داعش گۆرانی بۆ ژیان دەڵێن

Arbil

دهۆک AA

لە دووری ٢٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری دهۆک لە خانکێ، لەنێو کەمپی ئاوارەکانی شنگال کە زیاتر لە حەوت ساڵە لەو ناوچەیە نیشتەجێن، گرووپێک کچی ئاوارەی رزگاربووی دەستی داعش و کارەساتی شنگال گۆرانی بۆ ژیان دەڵێن.

گرووپەکە دوو ساڵە دامەزراوە و ١٤ ئەندامن، شەش کچیان رزگاربووی دەستی داعشن و هەشتیشیان لەدوای شاڵاوی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆسەر شنگال لەگەڵ خێزانەکانیان هەڵاتن و نەکەوتنە دەست چەکدارانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، تەمەنیشیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٥ ساڵاندایە.

گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال بە دەنگی خۆیان، میوزیک و دەف، بەدنیادا دەنگی ئازارەکانی ژنانی شنگال بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێت هەم دنیا لە ئازارەکانیان بەئاگابهێنن هەم دەروونی رووخاوی ئاوارە ئێزدییەکان ئارام بکەنەوە.

راهێنەری گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال، ستران سلێمان حەلۆ کە خۆی خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی میوزیکە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی دهۆک دەربارەی گرووپەکەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ئەم گرووپە زیاتر لە دوو ساڵە دامەزراوە، ژمارەیەکی زۆر چالاکیمان ئەنجامداوە لە عێراق و جیهاندا، چووینە وڵاتی بەریتانیا تاوەکو دەنگی کچانی شنگال و گۆرانییە کۆنەکانی شنگال بگەیەنین بە گوێی خەڵکی بیانی لەسەر زاری کچانی رزگاربووی دەستی داعش و رزگاربووی کارەساتی شنگال، من وایدەبینم ئەمە شتێکی زۆر گەورەیە".

گوتیشی: "لە گەشتەکەمان بۆ بەریتانیا چووینە زانکۆی ئۆکسفۆرد و زانکۆی مایکل بۆبمان و کەنیسەی لەندەن و پەرلەمانی بەریتانیا تاوەکو چالاکیی خۆمان لەو شوێنانە بگێڕین و سترانی خۆمان بۆ خەڵکێکی بیانی بچڕین".

گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال بۆ رۆژی هەشتی مارس لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان چالاکییان دەبێت، ستران سلێمان دەربارەی چالاکییەکەیان گوتی: "ئێستا راهێنان دەکەین بۆ ئامادەکاری کۆنسێرتێک بۆ رۆژی ژنان لە هەولێر، بە هاوکاری هونەرمەند رۆژین کۆنسێرتەکەمان رێکخستووە و تاوەکو لەوێ و بەو رێگایەش دەنگی کچانی شنگال بگەیەنین بەو خەڵکەی کە ئامادەدەبن و دەمانبینن".

گرووپە ١٤ ئەندامیەکە، تەنها سەرپەرشتیارەکەیان بە ئەکادیمی میوزیک دەخوێنێت، ئەوانی دی تەنیا خولیای ژیان پاڵنەریان بووە بۆ دروستکردنی گرووپەکە.

راهێنەری گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال، ستران سلێمان حەلۆ رایگەیاند "ئەندامانی گرووپی ئاشتی کچانی شنگال تەنیا گوێی مۆسیقیان هەیە هیچ کەسێکیان بە ئەکادیمی میوزیکی نەخوێندووە، سەرەتا کە دەستمانپێکرد کارەکە زۆر قورس و گران بوو بۆ من کە ئەم کچانە فێربکەم و بیریان فراوان بکەم و بیانخەمە سەر میوزیک، من لەسەرەتاوە کارم لەسەر ئەوەکرد زانیاری میوزیکم پێدان تاوەکو میوزیک لە بیر و هزریاندا بچێنم دەرئەنجامیش گەیشتین بەم رۆژەی ئێستا گرووپێکی تۆکمەی راهێنراوین".

گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال سەرقاڵی ئەوەن بە ڤیدیۆ کلیپێک دەنگ و سەدایان لە کەمپەکە بهیننە دەرەوە و بۆ لەمەودوا بەگوێی هەموو کوردستاندا گۆرانی بچڕن، ستران رایگەیاند "ئێستا بە هاوکاری خانمە هونەرمەند رۆژین سەرقاڵی دروستکردنی کلیپێکین و دوای هەشتی مارس و لەنزیک نەورۆزدا لە زووترین کاتدا بڵاوی دەکەینەوە".

گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال تاوەکو ئێستا بێ هیچ پشتیوانییەکی دارایی خۆیان بە خۆبەخشی کاردەکەن و هەنگاو بەرەو گەورەبوون دەنێن و لە ژوورێکی بچووکی نێو کەمپەکەدا، رۆژانە سەرقاڵی مەشقکردن و خۆ پەروەردەکردنن بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ هاوکارییەکی ماددی بکەن کە لەپای هەوڵەکانیان بگاتە دەستییان.

گرووپی میوزیکی ئاشتی کچانی شنگال ئێستا بەتەنیا نین، چەند رۆژێکە مامۆستایەکی میوزیکی بەڕەگەز هۆڵەندی بووەتە ئەندامیان و ئەمیش لەگەڵیان رۆژانە مەشق دەکات.

شیام ئەمدۆنی بەڕەگەز هۆڵەندییە و مامۆستای بەشی میوزیکە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی دهۆک، ١٢ ساڵە لە شاری دهۆک دەژی و کوردییەکی زۆر باش فێربووە، هەر بە کوردیش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "من دوو رۆژە ئەم گرووپەم بینیوە و بەشدارم لەگەڵیاندا گرووپێکی جوانن، زۆر دڵخۆشبووم کاتێک بینیم خوێندکارێکی ئێمە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان سەرپەرشتی ئەم گرووپە دەکات، بانگی کردم و گوتی وەرە بزانە کاری ئێمە چۆنە زۆر دڵخۆشبووم پێیان و شانازیی دەکەم کە ئێستا کاریان لەگەڵ دەکەم".

شیام ئەمدۆنی دەربارەی ئەوەی چی لە گرووپەکەدا بینیوە و سەرنجی راکێشاوە و هەڵسەنگاندنی بۆ ئاستی کچانی ئاشتی چۆنە گوتی: "ئەمە بۆمن شتێکی نامۆیە کە ئەندامانی ئەم گرووپە میوزیکیشیان نەخوێندووە و ئاستیان بەو رادەیە باشە، ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ئەم میوزیک و گۆرانییەی ئەمان کاری لەسەر دەکەن گۆرانی رەسەنی شنگالە و زۆر گرنگە بڵاوبکرێتەوە".

دەربارەی ئەوەی چۆن هاوکاری گرووپەکە دەکات، شیام ئەمدۆنی گوتی: "کاتێک هاتمە ناویان گوتم، منیش خوێندکارم و ئێوە مامۆستای منن، من هێشتا پێویستە فێربم، چونکە ئەم موزیکەی ئەم گرووپە دەیچڕن بۆمن هێشتا نوێ و نامۆیە، بەڵام ئێمە هەموومان پێکەوە هاوکاری یەک دەکەین لە رووی دەنگ و تۆنی دروستەوە".

هونەرمەندی گۆرانیبێژ رۆژین ئێستا دەستی هاوکاری بۆ گرووپەکە راکێشاوە و دەیەوێت بەردەوام بن، رۆژین دەربارەی گرووپەکە گوتی: "خەونی من بوو بۆ کچانی رزگاربووی دەستی کارەساتی شنگال و دەستی داعش گرووپێکی میوزیک دروست بکەم بۆ ژیانەوەی ئەو کچانە لە رووی هەست و دەروونی دوای ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتییەی بەسەریاندا هاتووە، من چەند ساڵێک بەرلە ئێستا لە کەمپی ئەسیان کارێکمان دەستپێکرد لەگەڵ ٢٠ کچی رزگاربووی دەستی داعش گرووپێکمان دروستکرد، بەڵام ئەو کاتە ئەو کچانە لە رووی دەروونییەوە زۆر هیلاک بوون کارەکەمان زۆر زەحمەت بوو".

گوتیشی: "ئەم گرووپە هیچ کەس و لایەنێک هاوکاری نەکردوون من دەمەوێت بە هەموو توانای خۆم هاوکاریانبم و لەپشتیانبم، وەک سەرەتا سترانێکمان تۆمارکردووە و کلیپی بۆ دەکەین و پێش نەورۆز بڵاویدەکەینەوە، کار بۆئەوە دەکەین ئەلبومێکیش دروست بکەین تاوەکو دەنگی ئەوان بەڕێگای موزیک بگەیەنین بە هەموو دنیا، چونکە پێموایە گۆرانیگوتنی کچانی شنگال شۆڕشێکی گەورەیە".

رۆژی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان لە هەولێر رۆژین سەرپەرشتی چالاکییەک دەکات و ئەم گرووپەشی بانگهێشت کردووە، رۆژین دەربارەی چالاکییەکە گوتی: "بەبۆنەی هەشتی مارس لە هەولێر چالاکییەکمان رێکخستووە، ژنانی دەستڕەنگین کارە دەستییەکانیان نمایش دەکەن و دەیفرۆشن، رێزلێنانێکی تایبەتمان دەبن و ئەم گرووپەش لەگەڵمان دەبن و لەوێ گۆرانی دچڕن و کۆنسێرت سازدەکەین".

کەمپی خانکێ دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و ٢٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری دهۆک دوورە و لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەترین کەمپی ئاوارە ئێزدییەکانە و لەنێو کەمپەکەدا، دوو هەزار و ٦٩٢ خێزانی تێدا نیشتەجێیە کە بەهەموویان ١٤ هەزار و ١٢٥ کەسن و لە چواردەوری کەمپەکەش زیاتر لە دوو هەزار خێوەتی دیکەی ئاوارە ئێزدییەکان هەیە کە بە هەموو ئەو ئاوارانەی لە خانکێ دەژین و چاوەڕوانن دۆخی شنگال ئاسایی بێتەوە و بگەڕێنەوە سەر خاک و ماڵی خۆیان، زیاتر لە ٢٦ هەزار کەسن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın