Heman Hussein Yaseen
30 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێوڕەسمی ٣٧ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو بەڕێوەدەچێت.
ئەگەرچی ٣١ی تەمووزی ئەمساڵ یادی ٣٧ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان-ە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سبەی یەکەمین رۆژی جەژنی قوربانە و بە مەبەستی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دروست نەبوونی قەرەباڵغی و گردبوونەوە و بەریەککەوتن، بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە تەنها تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان لە بارزان دادەنرێت.
بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری شەھیدان، نەریمان سابیر محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "یادی ٣٧ ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکان دەکەوێتە سبەی هەینی، بەڵام بەهۆی ئەوەی سبەی جەژنە و بۆ ئەوەی بەریەککەوتن نەبێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بۆیە رێورەسمەکەیان خستووەتە ئەمڕۆ و کەمێکی دیکەیش وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدانی جینۆساید لە بارزان دادەنێت".
بەرەبەیانی ٣١ی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣بە پیلانێکی پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو، دەسەڵاتی ئەوکاتەی عێراق بە فەرمانی سەرکۆماری ئەو کاتەی عێراق، سەدام حوسێن ھەڵمەتی رەشبگیری بارزانییەکانی لە کۆمەڵگەکانی ھەریر، قوشتەپە، بەحرکە و دیانا دەست پێ کرد.
لە شاڵاوەکەدا ھەشت ھەزار بارزانی لە رەگەزی نێرینە دەستگیرکران و بۆ خوارووی عێراق گوازرانەوە. بە واژووی سەدام حوسێن داواکرابوو ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی ١٥ ساڵییەوە بێت دەستگیربکرێن، بەڵام کەسانی نۆ ساڵانیش بێسەروشوێنکران.
ھەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق لە سێی ئایاری ٢٠١١ بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام حکوومەتی عێراق داوای لێبوردنی لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و بارزانییەکان نەکردووە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ رووفاتی ٥٠٣ کەس لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤ و لەساڵی ٢٠١٤ یش ٩٣ رووفاتی دیکە لەڕێگەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ھێنرانەوە بارزان، گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی دیکە بەردەوامە.