Heman Hussein Yaseen
30 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2020
هەولێر - AA
ساڵانە بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، هاووڵاتییان ئەو ئاژەڵانە دەکڕن کە بۆ قوربانی دەشێت و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان لە بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخ ئاژەڵەکان سەردەبڕن، دەیخەنە کیسە و دواتر بەسەر دراوسێ و کەسانی دیکەدا بڵاوی دەکەنەوە.
بۆ ئەمساڵیش بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، ئەو ئاژەڵانە سەرببڕێت کە خەڵک و رێکخراوەکان و دەزگا خێرخوازییەکان دەیبەن و پڕۆسەکە لەژێر رێنمایی تەندروستییدا جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامادەکارییەکانمان تەواو بووە، سبەی پێشوازی لە دەزگا خێرخوازیی و رێکخراوەکان و هاووڵاتییانیش دەکەین بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان بۆ سەربڕین و لەژێر رێنمایی تەندروستییدا پڕۆسەکە جێبەجێ بکەین".
هەڵمەت هەمزە گوتیشی: "پێشتریش داوامان کردبوو کە ئەوانەی دەیانەوێت سەردانمان بکەن، پێشتر ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام ئەم داواکارییەمان لەلایەن هاووڵاتییانەوە جێبەجێ نەکرا و بەیانی دیار نییە ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانمان دەکەن چەندە".
بەڕێوەبەری گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوەیش کرد کە بۆ بەیانی دەزگا خێرخوازی و رێکخراوەکان ٢٥٠ ئاژەڵی گەورە دەهێنن و لێرە سەردەبڕدرێن، کەوڵ دەکرێن و دواتر پارچە پارچە دەخرێتە ناو کیس و رەچاوەی دۆخی تەندروستییش دەکرێت، ئەوەیشی خستەڕوو کە تا ئێستا دیار نییە چەند ئاژەڵی بچووک و گەورەش لەلایەن هاووڵاتییانەوە دەهێندرێنە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر.
لە بەڕێوەبەرایەتی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، سەرەتا ئاژەڵەکان کێش دەکرێن و دواتر سەر دەبڕدرێن و پاشان کەوڵ دەکرێت و ئینجا لە شوێنێکی دیکە پارچە پارچەی ورد دەکرێن و دەخرێنە نێو کیس و دەیدەنەوە خاوەنەکەی، بۆ ئەم مەبەستەیش چەندین قەساب بە چەقۆی بەڕازیلی، تورکی و ئامێری تایبەتی پێشکەوتوو کارەکان بەڕێوەدەبەن.